بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆل ستریت جۆرناڵ، کە پشتی بە لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکی بەستووە ئەمریکا هێزێکی دەریایی تایبەت و یەکەیەکی هەواڵگریی سەر بە هێزەکانی "مارینز" بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنێرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، پیت هیگسێت، وەزیری بەرگری ئەمریکا، رەزامەندی لەسەر داوایەکی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەربڕیوە بۆ پێکهێنانی گروپێکی دەریایی و وشکاوەکی  ئاست بەرز، کە لە چەندین کەشتی جەنگی و نزیکەی پێنج هەزار  سەربازی مارینز پێکدێت.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەشێک لەو هێز و کەرەستە جەنگییانە پێشتر گەیشتوونەتە ناوچەکە.

ئەم جوڵە سەربازییە لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە لوتکەدان و لە 28ی شوباتەوە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دژی ئێران دەستیپێکردووە، کە تێیدا هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە نێوان لایەنەکاندا بەردەوامە و مەترسییەکانی ناسەقامگیری لە سەرتاسەری ناوچەکەدا زیاتر بووە.