وەزیری بەرگری بەریتانیا دەڵێت؛ بەشداریکردنی هێزەکانی وڵاتەکەی لە هێرشەکان بۆسەر ئێران بەدوور نازانێت.

لە نوێترین پەرەسەندنی جەنگی ئێران و ئەمریکا-ئیسرائیل، جۆن هیلی، وەزیری بەرگری بەریتانیا، لە میانی سەردانەکەیدا بۆ قوبرس رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ گۆڕینی ستراتیژییە سەربازییەکانی و بەشداری فڕۆکە جەنگییەکانی بەریتانیای لە بۆردومانکردنی ئێران دوور نییە.

وەزیری بەرگری بەریتانیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "سکای نیوز" ئاماژەی بەوە کرد، کە بارودۆخی شەڕ گۆڕانی بەسەردا هاتووە و دەبێت ئەوانیش خۆیان لەگەڵ پێشهاتەکان بگونجێنن.

ئەوەشی خستەڕوو، بەریتانیا سیستمی بەرگری تایبەت بە بەرپەرچدانەوەی درۆن و کەشتییەکی جەنگی لە جۆری "تایپ 45" کە بە سیستمی بەرگری ئاسمانیی پێشکەوتوو دیزاین کراوە، دەنێرێتە ناوچەکە.

جۆن هیلی راشیگەیاند، بەریتانیا لە رێگەی پلانداڕێژەرە سەربازییەکانییەوە کار دەکات بۆ هەماهەنگی لەگەڵ کەشتییە جەنگییەکانی ئەڵمانیا و یۆنان کە چوونەتە ناوچەی ململانێکان.

سەبارەت بە بەشداریکردن لە هێرشەکان بۆ سەر ئێران، وەزیری بەرگری بەریتانیا ئاشکرایکرد، هەموو ئەو کارانەی تا ئێستا کردوویانە بەرگرییانە و یاسایی بووە و لەگەڵ هاوپەیمانەکانیاندا هەماهەنگییان کردووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ئەگەر پێویست بکات بەریتانیا ئامادەیە لە قۆناغی بەرگرییەوە بچێتە قۆناغی هێرشبەری.