ئەلێکساندەر دوگین، بیرمەندی ناسراو و دامەزرێنەری قوتابخانەی جیۆپۆلەتیکی رووسی، لە پلاتفۆرمی ئێکس ستایشی هەڵوێستێکی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات سەبارەت بە بێلایەنیی هەرێم لەم جەنگەدا.

دوگین، کە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە کۆمەڵناسی، زانستە سیاسییەکان و فەلسەفە و وەک دامەزرێنەری بزووتنەوەی ئۆراسیا و یەکێک لە ستراتیژیستە نزیکەکان لە پوتین دەناسرێت، لێدوانە نوێیەکەی قوباد تاڵەبانیی، لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاوکردووەتەوە، وەک دەربڕینی پشتگیری و سەرسامییەک بۆ بڕیارەکەی جێگری سەرۆک وەزیران، دوگین لەسەری نووسیوە: "زۆر دووربینانەیە".

لەو لێدوانەی کە دوگین ئاماژەی پێداوە، قوباد تاڵەبانی بە راشکاوی رایدەگەیەنێت کە هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لەو ململانێ و جەنگە بەردەوامەی کە ئێستا لە نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیلدا بەڕێوەدەچێت. جێگری سەرۆک وەزیران جەخت لەوەش دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان "بە تەواوی بێلایەنیی خۆی دەپارێزێت".

ئەم کاردانەوەیەی بیرمەندێکی وەک دوگین نیشانەی ئەوەیە کە بڕیارەکەی سەرکردایەتیی هەرێم بۆ تێوەنەگلان لەم شەڕەدا، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لای زلهێزەکانی وەک روسیاش بە هەنگاوێکی زۆر ژیرانە و ستراتیژی سەیر دەکرێت.