رافائیل گرۆسی: ناتوانین دڵنیابینەوە کە بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران ئاشتیانەیە
راهۆز
٣ی ئازاری ٢٠٢٦
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداری دەدات کە بەهۆی رێگریکردن لە پشکنەرەکان و کەڵەکەبوونی یۆرانیۆمی پیتێنراو، ناتوانن دڵنیایی بدەن کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە.
لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، رافائیل گرۆسی رایگەیاند کە لە راپۆرتەکانیدا هەمیشە هەڵوێستێکی روون و جێگیری هەبووە. ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە کە بیسەلمێنێت ئێران سەرقاڵی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمییە، بەڵام هەبوونی بڕێکی زۆر لە یۆرانیۆمی پیتێنراو کە نزیکە لە ئاستی دروستکردنی چەک، جێگەی نیگەرانییەکی زۆر جدییە.
هەروەها رەخنەی توندی لە تاران گرت بەهۆی ئەوەی رێگە نادات پشکنەرەکانی ئاژانسەکە بە تەواوی دەستیان بگاتە بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکان.
گرۆسی جەختی لەوە کردەوە کە بەپێی راپۆرتەکانی پێشووی، تا ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکاریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) نەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەست بە رێکارەکانی پاراستن، ئاژانسەکە لەو پێگەیەدا نابێت کە دڵنیایی بدات بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەدەر لە چەک و تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە.
ئەم لێدوانەی گرۆسی لە کاتێکدایە کە گرژییەکان گەیشتوونەتە لوتکە و ئیسرائیلیش بانگەشەی خاپوورکردنی پێگە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردووە، ئەمەش زیاتر دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.



