سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت؛ بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆسەر ئێران و رەنگە شەڕەکە ماوەیەکی زۆر بخایەنێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەکە، رایگەیاند، ئەمریکا لە پێناو لەناوبردنی هەڕەشەکانی ئیسلامی ئێران، بەردەوامە لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناوچەکە و ناو خاکی ئێراندا.

ترەمپ جەختیکردەوە، هۆشداری توندیان دابووە تاران لە دروستکردنی دامەزراوەی ئەتۆمی نوێ، بەڵام ئێران گوێی نەداوەتە هۆشدارییەکان و رەتیکردووەتەوە واز لە هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بهێنێت.

وتیشی، ئامانجیان لەناوبردنی موشەکە بالیستییەکان و هێزە دەریاییەکانی ئێرانە، تا ئێستاش 10 کەشتی ئێرانییان نوقم کردووە.

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکراشیکرد، ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە ئێران هەرگیز نەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.

ترەمپ دەشڵێت؛ ئێران هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاووڵاتیانی ئەمریکا.

سەبارەت بە درێژخایەنی شەڕەکە، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، پێشبینییان دەکرد شەڕی ئێران چوار بۆ پێنج هەفتە بخایەنێت، بەڵام رەنگە بۆ ماوەیەکی درێژتر درێژە بکێشێت.