کۆشکی سپی هۆشداری دەداتە باندەکانی مەکسیک: دەست بۆ هەر ئەمریکییەک بەرن سزای توند دەدرێن
راهۆز
٢٤ی شوباتی ٢٠٢٦
کۆشکی سپی هۆشدارییەکی توند ئاراستەی باندەکانی مادە هۆشبەرەکان لە مەکسیک دەکات و رایدەگەیەنێت، هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هاوڵاتیانی ئەمریکی، رووبەڕووی لێکەوتەی مەترسیداریان دەکاتەوە. ئەم هۆشدارییە دوای کوژرانی گەورەترین سەرۆک باندی مەکسیک دێت کە ناوی (ئێل مێنچۆ)یە.
کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: "باندەکانی مەکسیک باش دەزانن کە نابێت دەست بۆ هیچ ئەمریکییەک بەرن، ئەگەرنا لە سەردەمی ئەم سەرۆکەدا (دۆناڵد ترەمپ) رووبەڕووی لێکەوتەی زۆر قورس دەبنەوە." لیڤیت جەختی کردەوە کە ئەو ئۆپراسیۆنە سەرکەوتووەی سوپای مەکسیک بۆ کوشتنی سەرۆک باندەکە، بە پشتیوانی هەواڵگری ئەمریکا بووە و ئەگەر سەرکردایەتی ترەمپ نەبوایە، روداوی لەو شێوەیە نەدەبوو.
نیمیسیۆ ئۆسیگیرا، ناسراو بە (ئێل مێنچۆ) کە تەمەنی 59 ساڵ بوو، سەرۆکی کارتیلی "خالیسکۆ نەوەی نوێ" بوو. لە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی سوپای مەکسیکدا بریندار کرا و لە کاتی گواستنەوەی بە فڕۆکە بۆ مەکسیکۆ سیتی گیانی لەدەست دا. ئەمریکا پێشتر بڕی 15 ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت دیاری کردبوو بۆ هەر کەسێک زانیاری لەسەر بدات.
دوای کوژرانی (ئێل مێنچۆ)، شەپۆلێکی توندوتیژی زیاتر لە 20 ویلایەتی مەکسیکی گرتەوە. چەکدارانی باندەکە چەندین رێگەی سەرەکییان بە ئۆتۆمبێلی سوتاو داخست و بەو هۆیەوە قوتابخانە و بازاڕەکان لە شاری گوادالاخارا داخران. حکومەتی مەکسیک 10 هەزار سەربازی بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە بڵاوکردوەتەوە. تا ئێستا لە پێکدادانەکاندا 25 کارمەندی ئەمنی و 30 چەکداری باندەکە کوژراون.



