پاش كوژرانی گەورەترین و مەترسیدارترین سەرۆكی باندی بازرگانی مادەی هۆشبەر لە مەكسیك، ئەو وڵاتە كەوتووەتە ناو شەپۆلێكی بێوێنەی توندوتیژییەوە كە كاریگەری لەسەر هەموو لایەنەكانی ژیانی لەو وڵاتە  دروستكردووە.

نێمێسیۆ ئۆسێگوێرا سێرڤانتێس كە نازناوی ئێل مێنچۆیە، كە بە پاشای بازرگانی مادە هۆشبەرەكان دادەنرێت و ساڵانێكی زۆرە ئامانجی سەرەكی ئیدارەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكانی ئەمریكا بووە، حكومەتی ئەمریكاش پێشتر پاداشتی 15 ملیۆن دۆلاری بۆ دەستگیركردنی داناوە.

رۆژی یەكشەممە لە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشی سوپای مەكسیك و هێزە تایبەتەكانیئەو وڵاتە بە پاڵپشتی هەواڵگریی ئەمریكا برینداركرا و لە كاتی گواستنەوەی بۆ مەكسیكۆ سیتی گیانی لەدەستدا، ئەمەش وایكرد رەوشی ئەمنیی وڵاتەكە بەرەو ناسەقامگیرییەكی قووڵ بچێت و تەنانەت كاریگەریی لەسەر ئامادەكارییەكانی جامی جیهانی 2026 هەبێت و مەكسیك هەلی میوانداریكردنی مۆندیال لەدەست بدات.

هەر دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی كوشتنی سەرۆكەكەیان، گروپە چەكدارەكانی سەربە  ئێل مێنچۆ ، جەنگی شەقامیان راگەیاند و دەستیان بە سوتاندنی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان و داخستنی رێگای سەرەكی و هێرشكردنە سەر هێزە ئەمنییەكان كرد و چەندین بنكەی پۆلیس و باڵەخانەی حكومی لە ویلایەتەكانی خالیسكۆ و مێچواكان تەقاندەوە.

 بەپێی راپۆرتەكان، توندوتیژییەكان بوونەتە هۆی دروستبوونی ترسێكی زۆر لەناو هاووڵاتیاندا و لەچەند ویلایەتیكی ئەو وڵاتەش باری نائاسایی راگەیەنراوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش هۆشدارییەكی بەپەلەی بۆ هاووڵاتیانی مەكسیك دەركرد و داوای لێكردوون لە ماڵەكانیان نەیەنە دەرەوە، خوێندنگە و گەشتە ئاسمانییەكانیش دەستبەجێ لە لایەن حكومەتی ئەو وڵاتەوە راگیران ئەمە جگە لەوەی كە كەنەدا و چەند وڵاتێكی تریش هۆشداریان بە دانیشتوانەكەیاندا سەردانی مەكسیك نەكەن.

 كوژرانی ئێل مێنچۆ ئەگەرچی سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ هێزە ئەمنییەكان، بەڵام مەكسیكی رووبەڕووی رەوشێكی نادیار كردووەتەوە.

 ئێستا حكومەتی مەكسیك لەژێر فشارێكی زۆردایە بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شەقامەكان و رێگریكردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری شەڕی باندەكان، چونكە بەردەوامیی ئەم دۆخە نەك هەر ئاسایشی ناوخۆ، بەڵكو ناوبانگی وڵاتەكە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دەخاتە  مەترسیەوە و بەدووریش نازانرێت لە حاڵەتی بەردەوامبونی نا ئارامییەكاندا مافی میواندارێتی  جامی  جیهانی لێنسەنرێتەوە