سەرۆکی ئۆکراین زەنگی مەترسی بۆ جیهان لێدەدات و رایدەگەیەنێت؛ ڤلادیمێر پوتن جەنگی جیهانیی سێهەمی دەسپێکردووە و ئامانجییەتی شێوازی ژیانی تەواوی مرۆڤایەتی بگۆڕێت.

ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی بی بی سی، جەخت لە بەردەوامیی بەرگریی وڵاتەکەی دەکاتەوە و دەڵێت: 'ئۆکراین نەک هەر شکست ناهێنێت، بەڵکو بە سەرکەوتوویی لەم جەنگە دێتە دەرەوە.'

زیلینسکی بە توندی مەرجەکانی کرملنی بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە رەتکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد؛ کشانەوە لەو خاکانەی کە روسیا بە قوربانیدانی دەیان هەزار سەربازیش نەیتوانیوە دەستیان بەسەردا بگرێت، دەبێتە هۆی تێکشانی یەکڕیزیی کۆمەڵگەی ئۆکراین و لاوازکردنی پێگەی وڵاتەکەی.

سەرۆکی ئۆکرین هۆشداری دەداتە وڵاتانی رۆژئاوا و دەڵێت: پوتن پێویستی بە پشوویەکی کاتی هەیە بۆ خۆڕێکخستنەوە، بەڵام دڵنیابن لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا دەگەڕێتەوە و هێرشەکانی فراوانتر دەکات.

لە کۆتاییدا زیلینسکی جەختی کردەوە، کە تەنها رێگە بۆ راگرتنی جوڵە سەربازییەکانی مۆسکۆ، زیادکردنی گوشارە ئابوری و سەربازییەکانە بۆ سەر روسیا، نەک پاشەکشەکردن لەبەردەم داواکارییەکانیدا.