دوای بڕیارەکانی دادگای باڵای ئەمریکا و سەپاندنی باجی نوێ لە لایەن ترەمپەوە، یەکێتی ئەوروپا ئامادەکاری دەکات بۆ وەڵامدانەوەیەکی توند و هەڵپەساردنی رێککەوتنە بازرگانییەکانی لەگەڵ واشنتن.

ئاژانسی "فرانس پرێس" بڵاویکردەوە، پەرلەمانی ئەوروپا لەسەروبەندی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەدایە بۆ هەڵپەساردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. "بێرند لانگە" سەرۆکی لیژنەی بازرگانی نێودەوڵەتی لە پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە داوای راگرتنی کارکردن بەو رێککەوتنەی کردووە، نوێنەری گروپە سەرەکییەکانی پەرلەمانیش ئەمڕۆ دوشەممە پشتگیری خۆیان بۆ ئەو هەنگاوە دوپاتکردووەتەوە.

ئەم ئاڵۆزییە دوای ئەوە دێت کە دادگای باڵای ئەمریکا باجە گومرگییەکانی پێشووی هەڵوەشاندەوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ وەک وەڵامێک، باجی گومرگی نوێی بە رێژەی 15% بەسەر زۆربەی کاڵا ئەوروپییەکاندا سەپاندەوە. کۆمسیۆنی ئەوروپا داوای لە واشنتن کردووە پابەندی مەرجەکانی رێککەوتنی ساڵی رابردوو بێت، کە تێیدا بڕیاربوو باجی گومرگی سەر هەندێک بەرهەمی وەک فڕۆکە و پارچەی یەدەگ سفر بێت.

بەپێی راپۆرتی مەرەدی "گڵۆباڵ ترەید ئەلێرت"، ئەم هەنگاوەی ئەمریکا زیانی گەورە بە ئابوری ئەوروپا دەگەیەنێت. پێشبینی دەکرێت یەکێتی ئەوروپا بە رێژەی 0.8% زیانی پێ بگات، لە نێویاندا ئیتالیا زۆرترین زیانی بەردەکەوێت کە دەگاتە 1.7%. کۆمسیۆنی ئەوروپا هۆشداری داوە کە ئەم جۆرە باجە چاوەڕواننەکراوانە دەبنە هۆی تێکچونی متمانە لە بازاڕە جیهانییەکاندا.