کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور، بۆ جارێکی دیکە وەک سکرتێری گشتیی پارتی کرێکارانی وڵات هەڵبژێردرایەوە، بەمەش دەسەڵاتی خۆی بەسەر تاقە پارتی فەرمانڕەوای وڵاتدا بۆ 15ـەمین ساڵ درێژکردەوە.

ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور (KCNA) بڵاویکردەوە، پرۆسەی هەڵبژاردنەکە رۆژی یەکشەممە و لە چوارەمین رۆژی کۆنگرەی پارتەکەدا بەڕێوەچوو کە پێنج ساڵ جارێک ساز دەکرێت. لە میانی کۆنگرەکەدا، ئەندامانی نوێی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران و گۆڕانکاری لە هەندێک لە پەیڕەو و پرۆگرامی پارتەکەدا کرا، بەڵام ئاژانسەکە وردەکاریی ئەو گۆڕانکارییانەی بڵاونەکردووەتەوە.

کیم جۆنگ ئون لە وتارێکدا لەبەردەم کۆنگرە، تیشکی خستە سەر کارنامەی پێنج ساڵی رابردو و رایگەیاند، پارتەکەی ئێستا روبەڕوی ئەرکێکی مێژوویی و بەپەلە بووەتەوە بۆ "بونیاتنان و بەهێزکردنی ئابوری و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێویی خەڵک." ئاماژەی بەوەش کرد کە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و تەنگژە تەندروستییە جیهانییەکان تەحەدای گەورە بون لەبەردەمیاندا، بەڵام پلانی نوێیان بۆ پێنج ساڵی داهاتوو داڕشتووە.

کیم جۆنگ ئون لە ساڵی 2011ـەوە و دوای مردنی باوکی، دەسەڵاتی باڵای کۆریای باکووری گرتووەتە دەست. لە ساڵی 2019ـدا پەرلەمانی وڵاتەکە گۆڕانکاری لە دەستوردا کرد بۆ ئەوەی دەسەڵاتی کیم لە هەمو کاروبارەکانی دەوڵەتدا بە رەهایی بمێنێتەوە و بە رەسمی وەک سەرۆکی دەوڵەت جێگیر بکرێت.