واشنتۆن تەنها 48 سەعات مۆڵەت دەداتە تاران بۆ پێشکەشکردنی پێشنیازێکی نووسراو سەبارەت بە دۆسیە ئەتۆمییەکە، هاوکات دۆناڵد ترەمپ هۆشداریدەدات کە ئەگەر لە ماوەی 15 رۆژدا نەگەنە رێککەوتن، تاران رووبەڕووی هێرشی سەربازی و 'ئەنجامی زۆر خراپ' دەبێتەوە.

لێپرسراوێکی باڵای ئەمریکی بە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی راگەیاندووە، واشنتن ئامادەیە رۆژی هەینی داهاتوو لە ژنێڤ خولێکی نوێی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران دەستپێبکات، بەو مەرجەی لە ماوەی 48 سەعاتی داهاتوودا تاران پێشنیازێکی نووسراو و ورد سەبارەت بە دۆسیە ئەتۆمییەکە پێشکەش بکات.

بەپێی زانیارییەکان، ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، نێردراوەکانی ترەمپ، لە کۆبوونەوەی رابردوویاندا بە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیان راگەیاندووە، هەڵوێستی سەرەکیی ترەمپ "نەبوونی هیچ جۆرە پیتاندنێکی یۆرانیۆمە لەناو خاکی ئێراندا". بەڵام ئاماژەیان بەوەش کردووە کە ئەگەری هەیە واشنتۆن رازی بێت بە "پیتاندنێکی رەمزی" ئەگەر تاران بیسەلمێنێت کە هیچ رێگەیەک بۆ دەستڕاگەییشتن بە چەکی ئەتۆمی ناهێڵێتەوە.

هەرچەندە ترەمپ ئاماژەی بە ئەگەری هێرشی سەربازیی سنووردار کردووە، بەڵام راوێژکارەکانی، بەتایبەت کۆشنەر و ویتکۆف، داوای دانبەخۆداگرتنیان لێکردووە بۆ ئەوەی دەرفەتێکی کۆتایی بە دیپلۆماسی بدرێت، لێپرسراوە ئەمریکییەکە دەڵێت: "ترەمپدەتوانێت لە هەر کاتێکدا بێت فەرمانی هێرشەکە دەربکات، بەڵام ئێستا چاوەڕێی وەڵامی تارانە".

15 رۆژ بۆ رێککەوتن یان "روداوی خراپ"

دۆناڵد ترەمپ مۆڵەتی 10 بۆ 15 رۆژی دیاری کردووە بۆ ئەوەی هەردوولا بگەنە رێککەوتن، بە پێچەوانەوە هۆشداریی داوە کە ئێران رووبەڕووی "شتێکی زۆر خراپ" دەبێتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کە مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوانتری لێکەوتووەتەوە.

بڕیارە عەباس عراقچی دوای رەزامەندیی سەرکردایەتیی سیاسیی وڵاتەکەی، پێشنیازە نووسراوەکە رادەستی ئەمریکییەکان بکات، بۆ ئەوەی ئەگەر هەردوولا رێککەوتن، رۆژی 27ـی شوبات لە ژنێڤ کۆببنەوە.