سەرۆکی ئۆکراین دەڵێت: وڵاتەکەی لە جەنگی دژی روسیا شکستی نەهێناوە و توانیویانە نزیکەی 300 کیلۆمەتر چوارگۆشە کۆنترۆڵ بکەنەوە

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی "فرانس پرێس"، ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، وڵاتەکەی لە جەنگ دژی روسیا شکستی نەهێناوە، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە کە بەدەستهێنانی سەرکەوتنی کۆتایی باجێکی زۆر قورسی دەوێت.

زیلینسكی ئاشکرایکرد، هێزەکانی ئۆکراین توانیویانە نزیکەی 300 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە ناوچەکانی بەرەی باشور کۆنترۆڵ بکەنەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ سەرکەوتنی هێرشە پێچەوانە نوێیەکانی وڵاتەکەی.

سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، لێپرسراوانی واشنتن و مۆسکۆ پێکەوە فشار دەخەنە سەر کیێڤ بۆ ئەوەی لە بەرانبەر رێککەوتنی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە جەنگ، دەستبەرداری ناوچەی "دۆنباس" بێت، بەڵام ئەو ئۆکراین جەخت دەکاتەوە کە ئەم پێشنیازە رەتدەکەنەوە.

سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن زیلینسكی ئەوەی خستەڕوو، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە کاتی جەنگدا مەحاڵە، چونکە دەبێتە هۆی لێکترازانی ناوخۆیی و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس رێگرە لەوەی پڕۆسەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوەبچێت.

سەرۆکی ئۆکراین داوایکرد، هێزە نێودەوڵەتییەکان یان ئەوروپییەکان لە نزیک بەرەی جەنگ جێگیر بکرێن بۆ گەرەنتی کردنی هەر ئاگربەستێکی ئەگەری لە داهاتوودا.

ئەم لێدوانانەی زیلینسكی لە کاتێکدایە کە روسیا بە چڕی وێستگەکانی وزەی ئۆکرانیا دەکاتە ئامانج و بەو هۆیەشەوە لەم وەرزی زستانەدا ملیۆنان کەس بێ کارەبا ماونەتەوە.