جەنگێک بە بێ دەنگی لەناوخۆی ئەمریکا؛ مۆدیلەکانی زیرەکی دەستکرد و وەزارەتی جەنگی ئەمریکا روبەڕوی یەکدی دەبنەوە
بڵند
٢٠ی شوباتی ٢٠٢٦
لە کاتێکدا جیهان بە سەرسامییەوە سەیری گەشەسەندنی خێرای زیرەکی دەستکرد (AI) دەکات، بە جۆرێک تاواوی بوارەکانی ژیانی مرۆڤایەتی گرتوەتەوە، لە پشت پەردەکانەوە، ململانێیەک بەتامی جەنگی سارد و یەکلاکەرەوە لە نێوان پنتاگۆن و کۆمپانیاکانی زیرەکی دەستکردا رودەدات.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاکسیۆس، ململانێی نێوان وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) و کۆمپانیای (Anthropic)، ئێستا تەشەنەی سەندووە بۆ ناو کۆمپانیاکانی( OpenAI، Google و xAI.)
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا راهاتووە، کە خۆی داهێنەری تەکنەلۆژیا بێت، وەک چۆن ئینتەرنێت و GPS ی داهێنا، بەڵام لە زیرەک دەستکردا، کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکانی وەک (OpenAI, Google, Microsoft, Anthropic) زۆر لە پێش سوپاوی ئەمریکاوەن و ئەمەش وەتە هۆی نیگەرانی سوپای ئەمریکا.
لە کاتێکدا خەڵک سەرقاڵی چاتجیپیتی و دروستکردنی وێنەنبە مۆدێلەکانی زیرەکی دەستکرد، لە پشتی پەردەوە "جەنگێکی سارد" بۆ کۆنترۆڵکردنی کلیلەکانی هێزی زیرەکی دەستکرد لە ئارادایە و ئەم ململانێیە ئێستا وەک یەکێک لە هەستیارترین بابەتەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و داهاتووی تەکنەلۆژیا سەیر دەکرێت.
پێنتاگۆن دەیەوێت دەسەڵاتی تەواوی هەبێت بەسەر مۆدێلەکانی زیرەکی دەستکردا
بەپێی راپۆرتە نوێیەکانی ئاکسیۆس، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردوەتەوە، پیت ھێگسێسی وەزیری جەنگی ئەمریکا، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ستراتیژی سەربازی ئەمریکادا دەستپێکردووە و بە گوێرەی ستراتیژەکە؛ پێنتاگۆن تەنها مۆدێلێکی سادەی وەک "Claude" یان "GPT-4"ی ناوێت بۆ نووسینی راپۆرت؛ بەڵکو دەیانەوێت ئەم مۆدێلانە تێکەڵی چەکەکان، سیستەمەکانی چاودێری و بڕیارە جەنگییەکان بکەن.
بۆ ئەو مەبەستەش پێنتاگۆن داوای لابردنی کۆت و بەندەکانی زیرەکی دەستکرد دەکات، کە کۆمپانیاکانی زیرەکی دەستکرد بە پارێزەرە ئەخلاقییەکان ناوی دەبەن و نایانەوێت ئەو سنورانە ببەزێندرێن.
هێڵەسورەکانی کۆمپانیاکانی زیرەکی دەەستکرد و بەربەستەکانی بەردەم پێنتاگۆن
هێڵە سورەکان، یاخود ئاکاری ئەخلاقی کۆمپانیاکانی زیرەکی دەستکرد، کە وەک پێوەرێکی ئەخلاقی دایان ناوە و نایانەوەێت هیچ کەسیێک ئەو سنورانە ببەزێنێت و پێیان وایە بە بەزاندنی ئەو سنورانە ژیانی مرۆڤایەتی دەکەوێتە مەترسییەوە.
هێڵە سوورە ئەخلاقییەکان: ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئایا رێگە بە زیرەکی دەستکرد دەدرێت بڕیاری "کوشتن" بدات بەبێ دەستێوەردانی راستەوخۆی مرۆڤ؟ کۆمپانیاکانی زیرەکی دەستکرد دەڵێن ئەمە هێڵێکی سوورە و نابێت ببەزێنرێت، چونکە ئامێر ویژدانی نییە و رەنگە کارەسات روبدات.
ئاسایشی نیشتمانی و کێبڕکێی چەک پێنتاگۆن پێی وایە ئەگەر ئەمریکا ئەم هێڵە سوورانە دانەنێت، رەنگە رکابەرەکانی (وەک چین) پێشی بکەون. لێرەدا هێڵە سوورەکان وەک "کۆسپ" دەبینرێن لەبەردەم سەرکەوتنی سەربازی.
یاسا و مەرجەکانی بەکارهێنان: ئەمە ئەو بەشەیە، کە کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان تێیدا دەستکاری یاساکانی خۆیان دەکەن بۆ ئەوەی رێگە بە سوپا بدەن مۆدێلەکانیان بەکاربهێنێت، کە پێشتر قەدەغەیان کردبوو.
ململانێی پێنتاگۆن و مۆدێلەکانی زیرەکی دەستکرد؛ کێ رازیببوە و کێ بەرگری دەکات؟
لە ئێستادا ململانێکە کۆمپانیاکانی دابەش کردووە بۆ دوو بەرەی جیاواز، بەرەی بەرگری کە کۆمپانیای (Anthropic)ئەنسرۆپیک، و بە "سەلامەتترین کۆمپانیای " "AI"دەناسرێت، هێڵێکی سووری کێشاوە و دەڵێت؛ "نا بۆ جەنگی بێ مرۆڤ."
مەبەستی ئەوان ئەوەیە ئەگەر AI خۆی بڕیاری کوشتن بدات، مەترسی بۆ سەر مرۆڤایەتی دروست دەکات، ئەم پێداگرییە وای کردووە پێنتاگۆن هەڕەشەی رەشکردنەوەی کۆمپانیاکە بکات و وەک "مەترسی ئاسایشی نیشتمانی". بیناسێنێت.
بەگوێرەی زانیاریەکانی ئاکسیۆس، هەریەکە لە کۆمپانیاکانی(OpenAI و xAI) لەبەرانبەر هەرەشەکان نەرمیان نواندوە و راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن (OpenAI) کە مایکرۆسۆفت پشتیوانی دەکات و ( xAI) کە کۆمپانیاکەی ئیلۆن مەسک هەڵوێستێکی تریان هەیە.
ئەوان خەریکی گۆڕینی "مەرجەکانی بەکارهێنان" (Terms of Service)ی خۆیانن بۆ ئەوەی رێگە بە هاوکاری زیاتر لەگەڵ وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بدەن، چونکە بۆ ئەم کۆمپانیایانە، بوون بە "هاوبەشی ستراتیژی" سوپای ئەمریکا، بە واتای داهاتێکی بێ کۆتایی و پارێزبەندییە لەلایەن حکومەتەوە.
دوو بژاردە قورسەکە؛ ئاسایشی نیشتمانی یان ئەخلاقی تەکنەلۆژیا؟
ململانێکان دەریانخستوە، کە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا گەیشتوونەتە خاڵێک کە دەبێت یەکێکیان هەڵبژێرن، ببنە "باڵی تەکنەلۆژی" سوپای ئەمریکا؛ کە ئەمە دەیانپارێزێت لە سزادان و رکابەری چین، بەڵام بەتەواوەتی لەژێر هەیمەنەی سوپای ئەمریکادا دەبن.
یاخود، بەرگری لە سەربەخۆیی بکەن؛ کە ئەمە رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی حکومەت بە زۆر دەست بەسەر تەکنەلۆژیاکەیاندا بگرێت و بەرەو پوکانەوەیان بەرێت.
لەم ململانێدا؛ مرۆڤایەتی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە
لە کۆتایدا سەرەڕای پیشکەوتنە تەکنەلۆژیاییەکان، هەموان کۆکن لەسەر ئەوەی جیهان بەرەو داهاتویەکی ناڕوون هەنگاو دەنێت، ئایا زیرەکی دەستکرد دەبێتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی ئاشتی، یان دەبێتە چەکێک، کە بێ گەڕانەوە بۆ ویژدانی مرۆڤ بەکاردەهێنرێت و تەواوی هێڵە سورەکان دەبەزێنێت، کە ئەو هێڵە سورانەی کۆمپانیاکانی زیرەکی دەستکرد دایان ناون، دواین سنوورەکانی رەوشتی مرۆڤایەتین لە سەردەمی ئامێرە بێگیانەکاندا.



