کۆمپانیای BYDـی چینی پێش فۆردی ئەمریکی کەوت
راهۆز
١٩ی شوباتی ٢٠٢٦
کۆمپانیای BYDـی چینی سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆمار کرد و بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی جیهان، لە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلدا پێش کۆمپانیای فۆردی ئەمریکی کەوت.
بەپێی ئامارە نوێیەکان، کۆمپانیای BYD توانیویەتی 4.6 ملیۆن ئۆتۆمبێل بفرۆشێت، لە بەرانبەردا فرۆشی کۆمپانیای فۆرد بۆ 4.4 ملیۆن ئۆتۆمبێل دابەزیوە کە بە ڕێژەی %2 پاشەکشەی کردووە. بەمەش کۆمپانیا چینییەکە سەرکەوت بۆ پلەی شەشەمی جیهانی و فۆرد بۆ پلەی حەوتەم دابەزی.
ئەم سەرکەوتنەی BYD بە پلەی یەکەم پشتئەستوورە بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبرید، کە تێیدا توانیویەتی بە فرۆشتنی 2.25 ملیۆن یەکە پێش کۆمپانیای تێسلاش بکەوێت. هەرچەندە تۆیۆتا بە فرۆشتنی 11.3 ملیۆن ئۆتۆمبێل هێشتا لە پلەی یەکەمدایە، بەڵام بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فۆرد رایگەیاندووە کە رکابەرە چینییەکانیان وەک "کارتێکی مەترسیدار" دەبینن لە بازاڕدا.



