ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاشتی غەززە یەكەم كۆبوونەوەی خۆی لە واشنتۆن دەكات
کەژان
١٩ی شوباتی ٢٠٢٦
بە بەشداری زیاتر لە 20 ئەندام، ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاشتی غەززە یەكەم كۆبوونەوەی خۆی لە واشنتۆن ئەنجامدەدات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بەنیازە ئەمڕۆ یەكەمین كۆبوونەوەی " ئەنجومەنی ئاشتی لە واشنتۆن ئەنجامبدات، بە ئامانجی كۆكردنەوەی پارە بۆ ئاوەدانكردنەوەی كەرتی غەززە.
هاوكات سەرچاوەیەك لە كۆشكی سپی بە میدیاكانی راگەیاندوە، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا چەند بابەتێك دەخرێنەڕوو، لەوانە یارمەتییە مرۆییەكان، قەبارەی هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی و وردەكاری زیاتر سەبارەت بە پێكهێنانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كەرتی غەززە، لەگەڵ چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو پارانەی بەڵێندراوە بدرێنە غەززە.
سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوە كردووە كە كۆبوونەوەكە لانیكەم 24 وەفد لەخۆ دەگرێت كە وڵاتی چاودێریشیان تێدایە.
ئەمەش لە كاتێكدایە، واشنتۆن گەشبینە بەوەی كە بتوانێت ئەو پلانە 20 خاڵییە جێبەجێبكات كە بۆ غەززەی داناوە لە نێوشیاندا چەكداماڵینی بزوتنەوەی حەماس.



