بنیامین نەتانیاھۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە میانی دانیشتنێکی نهێنی و هەستیاری لیژنەی کاروباری دەرەوە و ئاسایش لە پەرلەمانی وڵاتەکەی، چەندین زانیاری نوێی دەربارەی هێرشەکەی حەماس خستەڕوو، بۆ یەکەمجاریش دانە بەوەدا دەنێت، کە روداوەکە شکستی هەواڵگری بوە نەک خیانەت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، نەتانیاھۆ بە هەڵگرتنی چەندین دۆسیە و کۆنوسی کۆبونەوەکانی پێش هێرشەکە، جەختی لەوە کردەوە، کە روداوەکانی7ی ئۆکتۆبەر یەکێکە لە گەورەترین "شکستی هەواڵگری" لە مێژوی وڵاتەکەیدا.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە توندی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، کە باس لە بوونی "خیانەتی ناوخۆیی" دەکەن و رایگەیاند؛ کە ئەوەی رویدا تەنها ئەنجامی باوەڕێکی هەڵەی دەزگا ئەمنییەکان بووە کە بۆ چەندین ساڵ بەردەوام بووە.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، نەتانیاھۆ پەنای بۆ وتەی بەرپرسانی باڵای ئێستا و پێوی وەک نەفتالی بینیت و گادی ئایزنکۆت و سەرۆکی "شاباک" برد، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە هیچ کام لەو دامەزراوانە پێشبینی هێرشێکی وەهایان نەکردووە.

 ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە تەنانەت مشتومڕە ناوخۆییەکانی ئیسرائیل و کێشە یاساییەکان وایکردبوو، پێشبینی هێرش وانەکەن لە حەماس و وایاندەزانی  کە ئیسرائیل لە ناوخۆدا خەریکی پارچەپارچەبوونە و پێویستی بە هێرش نییە، ئەمەش وایکردووە ئامادەکارییەکانی ئەو گروپە لەبەر چاوی هەواڵگری ون ببن.

ئەم لێدوانانەی نەتانیاھۆ لە کاتێکدایە کە روبەڕوی رەخنەی توندی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن بووەوە لە ناو هۆڵی کۆبوونەوەکە، کە داوایان لێکرد لە جیاتی گەڕان بەناو کۆنووسە کۆنەکان بۆ پاکانەکردنی خۆی، تیشک بخاتە سەر بەرەکانی جەنگ و دۆخی ئێستای وڵات و هەوڵ نەدات بۆ دورخستنەوەی بەرپرسیارێتییە سیاسییەکان لەسەر شانی خۆی و دابەشکردنی ئەو شکستە بەسەر تەواوی دامەزراوە ئەمنی و سیاسییەکانی پێشوو و ئێستای ئیسرائیلدا