دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، پاش زیاتر لە 60 ساڵ لە کارکردن، بڵاوکردنەوەی سەرچاوە زانیارییە بەناوبانگەکەی بە ناوی (World Factbook) رادەگرێت.

لەو راگەیەندراوەدا کە لە ماڵپەڕی رەسمیی دەزگاکە بڵاوکراوەتەوە، هیچ هۆکارێکی رون بۆ ئەم بڕیارە دیاری نەکراوە، بەڵام ئەم هەنگاوە دوای بەڵێنێکی جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری دەزگاکە دێت بۆ کۆتاییهێنان بەو پڕۆگرامانەی کە لە چوارچێوەی ئەرکە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی دەزگاکەدا نین.

ئەم پڕۆژەیە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1962 وەک سەرچاوەیەکی چاپکراوی نهێنی بۆ ئەفسەرانی هەواڵگری دەستی پێکرد، کە تێیدا وێنەیەکی وردی دەربارەی ئابوری، سوپا، سەرچاوەکان و کۆمەڵگەی وڵاتانی دیکە دەخرایە روو. دواتر بەهۆی گرنگیی زانیارییەکانیەوە، دەزگا فیدراڵییەکانی دیکەش بەکاریان دەهێنا و پاش تێپەڕبوونی 10 ساڵ، وەشانێکی رەسمیی بۆ هەموو هاووڵاتییان بڵاوکرایەوە.

لە ساڵی 1997ـەوە ئەم سەرچاوەیە خرایە سەر هێڵی ئینتەرنێت و ساڵانە ملیۆنان کەس لە رۆژنامەنوسان و قوتابیان وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بەکاریان دەهێنا. بەڵام لە ئێستادا و لە دەستپێکی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا، کۆشکی سپی پلانی کەمکردنەوەی میلاکی کارمەندانی لە CIA و ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی جێبەجێ کردووە، ئەمەش وای کردووە دەزگاکە ناچار بێت تەنیا تیشک بخاتە سەر ئەرکە هەواڵگرییە سەرەکییەکانی و دەستبەرداری پڕۆژە لاوەکییەکانی ببێت.

کتێبی راستییەکانی جیهان کە بە (The World Factbook) ناسراوە، سەرچاوەیەکی زانیاریی گشتگیر و وەک "ئینسلۆپیدیایەک" وایە کە لە لایەن دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) ئامادە دەکرێت. ئەم کتێبە زانیاریی ورد و رەسمی دەربارەی 267 وڵات و ناوچەی جیاوازی جیهان لەخۆدەگرێت.

ئەم کتێبە تیشک دەخاتە سەر ئەم بوارە سەرەکییانە:

1. جوگرافیا: زانیاریی ورد دەربارەی سنورەکان، رووبەر، کەشوهەوا، سەرچاوە سروشتییەکان و نەخشەی رەسمی و وردی وڵاتان.

2. خەڵک و کۆمەڵگە: ئاماری دانیشتوان، ئایینەکان، زمانەکان، رەوشی تەندروستی، پەروەردە و منداڵان.

3. حکومەت: جۆری سیستەمی سیاسی، پایتەخت، دەستور، سیستەمی یاسایی و ئەندامبوون لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.

4. ئابوری: بەرهەمی ناوخۆیی (GDP)، بودجە، کەرتی کار، کشتوکاڵ، پیشەسازی و زانیارییەکانی بانک و بازرگانی.

5. سەربازی و ئەمنی: توانا و ژمارەی هێزە چەکدارەکان، بودجەی سەربازی و ئەو کێشە و روداوانەی کە مەترسین بۆ سەر ئاسایش.

6. وزە و گواستنەوە: بەرهەمهێنانی کارەبا، نەوت، گاز، هەروەها ژێرخانی هێڵی شەمەندەفەر، بەندەر و فڕۆکەخانەکان.

ئەم سەرچاوەیە بۆ ماوەی زیاتر لە 60 ساڵ، یەکێک بووە لە باوەڕپێکراوترین سەرچاوەکان بۆ توێژەران، رۆژنامەنوسان، قوتابیان و بەرپرسانی حکومی لە هەموو جیهاندا، چونکە زانیارییەکانی لە لایەن دەزگا هەواڵگرییەکانەوە کۆدەکرانەوە و بە وردی پشکنینیان بۆ دەکرا.