وەزارەتی دەرەوەی روسیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەرکردنی دیپلۆماتکارێکی ئەڵمانیای راگەیاند، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هەنگاوێکی هاوشێوەی حکومەتی ئەڵمانیا بەرانبەر بە دیپلۆماتکارێکی روسی.


وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، یاداشتێکی رەسمییان رادەستی سەرۆکی نێردە دیپلۆماسییەکەی ئەڵمانیا کردووە و تێیدا یەکێک لە کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیایان وەک "کەسی نەخوازراو" ناساندووە و بڕیاری دەرکردنیان بۆ دەرکردووە. مۆسکۆ جەختی کردەوە کە حکومەتی ئەڵمانیا "بەرپرسیاری تەواوی ئەم ئاڵۆزییە نوێیەیە لە پەیوەندییە دوقۆڵییەکاندا."

ئەم بڕیارەی مۆسکۆ دوای ئەوە دێت کە لە 22ی کانونی دووەمی رابردوو، ئەڵمانیا دیپلۆماتکارێکی روسیای بە تۆمەتی سیخوڕی دەرکردبوو. وەزارەتی دەرەوەی روسیا ئەو تۆمەتانەی بە "بێ بنەما" ناوبرد و رایگەیاند، ئەمە تەنیا لە چوارچێوەی ئەو "کرژییە سیخوڕییانەدایە"یەدایە کە بەرپرسانی ئەڵمانیا پەرەی پێدەدەن.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، مۆسکۆ تۆمەتەکانی بەرلینی بە توندی رەتکردەوە و بە "ئیستیفزازێکی هەرزان و پیلانێک" وەسفی کرد کە ئامانج لێی لەکەدارکردنی ناوبانگی نێردە دیپلۆماسییەکانی روسیایە لە ئەڵمانیا. ئەم روداوە ئاستی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی گەیاندووەتە قۆناغێکی نوێ و پێدەچێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی داهاتوویان هەبێت.