رۆژنامەی واشنتن پۆست دەستبەرداری سێیەکی کارمەندەکانی دەبێت
راهۆز
٥ی شوباتی ٢٠٢٦
رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، یەک لەسەر سێی کارمەندانی لادەبات و روماڵکردنی هەواڵە وەرزشی و دەرەکییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.
ئەم بڕیارە کە رۆژی چوارشەممە راگەیەندرا، کاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر بەشەکانی وەرزش، هەواڵە ناوخۆییەکان و بەشی نێودەوڵەتی. مات مۆرای، سەرنوسەری جێبەجێکاری رۆژنامەکە رایگەیاند، ئەم هەنگاوە بۆ هێنانەدیی "سەقامگیری"یە؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە لە سێ ساڵی رابردوودا بەهۆی گەشەسەندنی خێرای ژیریی دەستکردەوە، هاتوچۆی هاووڵاتییان بۆ سەر ماڵپەڕی رۆژنامەکە کەمی کردووە و مۆدێلی کارکردنی رۆژنامەکەش پێویستی بە گۆڕانکاریی جدی هەیە تاوەکو بتوانن لەم سەردەمە نوێیەدا بەردەوام بن.
ئەم بڕیارەی واشنتن پۆست، کە خاوەندارێتییەکەی بۆ جێف بێزۆس، ملیاردێری ئەمریکی و دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەمازۆن دەگەڕێتەوە، هێدمە و ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە. مارتی بارۆن، کە تا ساڵی 2021 سەرنوسەری رۆژنامەکە بووە، ئەم رۆژەی بە "تاریکترین رۆژ لە مێژووی یەکێک لە گەورەترین رێکخراوەکانی هەواڵ لە جیهاندا" ناوبرد. بارۆن رەخنەی لە جێف بێزۆس گرت و وتی، لە کاتی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا، بێزۆس بە جۆش و خرۆشەوە باسی لە ئازادیی رۆژنامەگەری دەکرد، بەڵام ئێستا هیچ ئاماژەیەک بەو رۆحیەتە نابینرێت.
دەرکردنی رۆژنامەنوسان بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ ئەنجامدراوە؛ بەڕێوەبەری پێشوی نووسینگەی قاهیرە رایگەیاند، خۆی و "تەواوی لیستی" پەیامنێر و سەرنوسەرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکراون. هەروەها پەیامنێرێکی دیکەی رۆژنامەکە لە ئۆکراین، نیگەرانیی خۆی نیشاندا کە لە ناوەڕاستی گۆڕەپانی جەنگدا کارەکەی لەدەستداوە.
سەندیکای کارمەندانی واشنتن پۆست لە راگەیەندراوێکدا جەختیان کردەوە کە دەرکردنی کارمەندان تەنیا دەبێتە هۆی لاوازکردنی رۆژنامەکە و دوورکەوتنەوەی خوێنەران، نەک چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان. واشنتن پۆست کە بێزۆس لە ساڵی 2013دا بە بڕی 250 ملیۆن دۆلار کڕیویەتی، ئێستا روبەڕووی یەکێک لە گەورەترین ئاڵێنگارییەکانی مێژووی خۆی بووەتەوە.



