زیلێنسکی: 55 هەزار سەربازی ئۆکراین لە جەنگ لەگەڵ روسیا کوژراون
راهۆز
٥ی شوباتی ٢٠٢٦
ڤلادیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، لەوەتەی جەنگی نێوان وڵاتەکەی و روسیا لە شوباتی 2022ـەوە دەستیپێکردووە نزیکەی 55 هەزار سەربازی ئۆکراین کوژراون.
زیلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فرانس 2"ی فەرەنسی ئاماژەی بەوە کرد، جگە لەم ژمارەیە، ژمارەیەکی دیکەی زۆر لە سەربازەکانیان بە رەسمی وەک بێسەروشوێن هەژمار دەکرێن. وتیشی: "لە ئۆکراین بە رەسمی و لە گۆڕەپانی جەنگدا، ژمارەی سەربازە کوژراوەکان 55 هەزار کەسە، جا چ ئەوانەی لە سەرەتادا لە ریزی سوپادا بوون یان ئەوانەی لە کاتی جەنگدا ناویان نوسراوە؛ هەروەها ژمارەیەکی زۆر کەسی دیکەش هەن کە ئۆکراین بە بێسەروشوێن ناویان دەبات."
پێشتر و لە شوباتی 2025دا، زێلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "ئێن بی سی"ی ئەمریکی رایگەیاندبوو کە زیاتر لە 46 هەزار سەربازی ئۆکراین لە گۆڕەپانەکانی جەنگدا کوژراون، ئەمەش نیشان دەدات لە ماوەی یەک ساڵدا ژمارەی قوربانییەکان بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
جەنگی روسیا بۆ سەر خاکی ئۆکراین لە 24ی شوباتی 2022ـەوە دەستیپێکردووە. لە ئێستادا روسیا نزیکەی 20%ی خاکی ئۆکراینی لەژێر دەسەڵاتدایە، کە نیمچە دوورگەی قرم و بەشێکی ناوچەی دۆنباس دەگرێتەوە. بەپێی خەمڵاندنی شرۆڤەکارە سەربازییەکان، مۆسکۆ لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە توانیویەتی 1.5%ی دیکەی خاکی ئەو وڵاتە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.



