ئەکسیۆس: دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن شکستی هێنا
محەمەد رزگار
٤ی شوباتی ٢٠٢٦
ئەكسیۆس بڵاویکردەوە، پلانی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریكا شكستی هێنا، ئێرانیش دەڵێت: تەنها لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی دانوستان دەکەن.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری لێپرسراوێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، بڕیارە سبەینێ "ویتکۆف" و "کۆشنەر" لە دەوحەی پایتەختی قەتەرەوە بگەڕێنەوە واشنتۆن.
ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ جۆرە کۆبوونەوە و دیدارێکیان لەگەڵ لێپرسراوانی ئێران نابێت و راستەوخۆ دەگەڕێنەوە بۆ ئەمریکا.
ئەکسیۆس ئەوەشی خستەڕوو، رۆژی هەینی داهاتوو هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوان تاران و واشنتۆن لە عوممان بەڕێوەناچێت.
لە بەرانبەردا، لێپرسراوێکی ئێرانی بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ـی راگەیاندووە، تاران تەنها سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێداگریی واشنتۆن لەسەر گفتوگۆکردن دەربارەی پرسە نائەتۆمییەکان، دانوستانەکان دەخاتە مەترسییەوە.



