ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا، لە نوێترین کاردانەویدا سەبارەت بە بڵاوبونەوەی فایلە نهێنییەکانی "جێفری ئێپستین"، رایگەیاند، پێویستە هەموان لێدوانەکەی ڤلادیمێر پوتین بەبیر بهێننەوە کە دەڵێت "ئاهەنگی خوێنمژەکان بەرەو کۆتایی دەچێت".

ئەمڕۆ چوارشەممە، زاخارۆڤا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ئابڕووچوونە گەورەیەی پەیوەستە بە بازرگانیکردن بە منداڵان و دەستدرێژی سێکسی، روی راستەقینەی بەشێکی زۆری نوخبەی سیاسی رۆژئاوا دەردەخات.

 ناوبراو دەڵێت؛ "پێویستە هەمووان سەیری چاوپێکەوتنەکەی ڤلادیمێر پوتین بکەن، کە تیایدا وتی ئێمە شاهیدی کۆتایی هاتنی ئاهەنگی خوێنمژەکانین، ئەمە ئەوەیە کە ئێمە باسی دەکەین".

زاخارۆڤا جەختیشیکردوەتەوە کە زۆربەی سەرکردە و دەسەڵاتدارانی ئێستای رۆژئاوا، لەناو زەلکاوێکی "بۆگەن و پڕ لە ترسناکیدا" گەورە بوون و لەژێر سێبەری ئەم جۆرە کارە نایاساییانەدا گەیشتوونەتە پلە و پۆستە باڵاکان و دەبێت درک بەوە بکەن، کە سەردەمی شاردنەوەی تاوانەکانیان کۆتایی هاتووە.

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە وەزارەتی دادی ئەمریکا ملیۆنان لاپەڕە لە بەڵگەنامە و ناوی ئەو کەسایەتییە سیاسییانەی بڵاوکردەوە کە پەیوەندییان بە جێفری ئێپستینەوە هەبووە پێش ئەوەی لە ساڵی 2019دا  کە زیندان بوو رایانگەیاند، کۆتایی بە ژیانی خۆیهێناوە.

ئەم کاردانەوەیەی مۆسکۆ لە کاتێکدایە کە کەیسی ئێپستین بووەتە گەورەترین ململانێی سیاسی و یاسایی لە واشنتۆن و چەندین ناوی دیاری وەک دۆناڵد ترەمپ و  بێڵ کلینتن و شازادە ئەندرو و چەندانی تری تێدا دەهێنرێت.