پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاند، شەوی رابردوو بەلەمێکی کۆچبەران لەگەڵ کەشتییەکی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان لە دورگەی کیۆسی رۆژهەڵاتی ئیجەدا پێکیاندا داوە و لانیکەم 15 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا.

ئەوەشی خستەروو، پێکدادانەکە لە دەوری سەعات 21:00 شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە بەکاتی یۆنان روویداوە لە نزیک ناوچەی میرسینیدی لە کیۆس، کە ئەم ناوچەیە زۆر جار لەلایەن قاچاخچییەکانەوە بەکار دەهێندرێت بۆ گواستنەوەی کۆچبەران لە تورکیاوە بۆ دورگەکانی یۆنان.

بەپێی زانیارییەکان، لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەکەدا چەندین کەشتی و هێلیکۆپتەر و تیمی ژێردەریایی بەشداربوون و توانیویانە 14 تەرم لە دەریاکەدا دەربهێننەوە و 25 کەسیش رزگارکراون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری کیۆس، کە لەناویاندا منداڵ و ژنی دووگیان هەبووە.

روداوەکە بەهۆی ئەوە بووە کە کەشتیەکەی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان ویستویەتی رێگری لە بەلەمی کۆچبەران بکات کاتێک لە رێگا ئاوییەکانی تورکیاوە هاتووە، بەڵام بەلەمەکە نەوەستاوە و خۆی کێشاوە بە کەشتیەکەی پاسەوانی کەناراوەکاندا.