مۆسکۆ: ئۆکراین بە بەکرێگیراوی کۆڵۆمبی بەرگری لە خارکۆڤ دەکات
راهۆز
١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
دەزگا ئەمنییەکانی روسیا ئاشکرای دەکەن، ئۆکراین بۆ رێگریکردن لە لەدەستدانی پێگەکانی لە خارکۆڤ، هێزێکی بەکرێگیراوی بیانیی رەوانەی ناوچەکە کردووە کە زۆربەیان کۆڵۆمبین.
سەرچاوەیەک بە ئاژانسی "تاس"ـی روسی راگەیاندووە، فەرماندەیی هێزەکانی ئۆکراین بۆ رێگریکردن لە لەدەستدانی ناوچەی "خاتنییە میلۆڤۆی" لە خارکۆڤ، یەکەکانی لیوای یەکی بەرگریی هەرێمی بە هێزی بەکرێگیراوی بیانی بەهێز کردووە.
وەزارەتی بەرگریی روسیاش جەختیکردووەتەوە کە هێزەکانی ئۆکراین ژمارەیەکی زۆر بەکرێگیراوی وڵاتانی جیاوازیان لە ریزدایە و سوپای روسیا بەردەوامە لە بەئامانجگرتن و لەناوبردنیان.
لەلایەکی دیکەوە، دەسەڵاتدارانی ئۆکراین رایانگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە بەهۆی بۆردومانەکانی روسیاوە ژنێک لە خارکۆڤ گیانیلەدەستداوە و لە شاری سومی-ش بەهۆی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر گەڕەکێکی نیشتەجێبوون ٤ کەس برینداربوون
وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاندووە، سیستمی بەرگریی وڵاتەکەیان شەوی رابردوو 63 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینیان لە ئاسمانی ناوچە سنورییەکان و دەریای ئازۆڤ خستووەتە خوارەوە.
لەسەر ئاستی دیپلۆماتی، شاندێکی ئۆکراینی گەیشتوونەتە ئەمریکا و لە شاری مەیامی لەگەڵ ستیڤ ویتکۆڤ و جارید کۆشنەر، نێردراوانی دۆناڵد ترەمپ کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پلانی واشنتۆن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، کە ماوەی چوار ساڵە بەردەوامە.



