لە وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ دەستگرتن بەسەر گرینلاند، هەزاران کەس لە دانیشتووانی ئەو دورگەیە رژانە سەر شەقام و خۆپیشاندانیان کرد، هاوکات سەرۆکی ئەمریکا سزای گومرکی بەسەر هەشت وڵاتی ئەوروپیدا سەپاند.

رۆژی شەممە، هەزاران هاووڵاتیی گرینلاند بە دروشمی "گرینلاند بۆ فرۆشتن نییە" و بەرزکردنەوەی ئاڵای نیشتمانی، لە ناوەندی شاری نوک-ی پایتەختەوە بەرەو کونسوڵخانەی ئەمریکا رۆیشتن. لەم خۆپیشاندانەدا کە بە گەورەترین ناڕەزایەتی لە مێژووی دورگەکە دادەنرێت، یەنس فرێدریک نێڵسن، سەرۆک وەزیرانی گرینلاندیش بەشدار بوو.

هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی خۆپیشاندانەکە، هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کە دۆناڵد ترەمپ بڕیاریداوە لە مانگی شوباتەوە رێژەی %10 باجی گومرکی بخاتە سەر کاڵای هەشت وڵاتی ئەوروپا، وەک سزایەک بۆ دژایەتیکردنیان لە پرسی گرینلاند.

مالیک دۆلیرۆپ، گەنجێکی بەشداربووی خۆپیشاندانەکە بە ئاژانسی ئەسۆوشیەیتد پرێسی راگەیاند: "وامزانی ئەمڕۆ لەوە خراپتر نابێت، بەڵام خراپتریش بوو. ئەمە دەریدەخات کە ترەمپ هیچ بەزەییەکی بەرامبەر مرۆڤایەتی نییە".

ترەمپ ماوەیەکی زۆرە چاوی بڕیوەتە گرینلاند کە دورگەیەکی دەوڵەمەندە بە کانزا و خاوەنی پێگەیەکی ستراتیژییە و سەر بە شانشینی دانیمارکە. داواکارییەکانی ترەمپ دوای پرۆسە سەربازییەکەی ڤەنزوێلا و لابردنی مادۆرۆ، چڕتر بوونەتەوە.

جێی ئاماژەیە جگە لە گرینلاند، لە کۆپنهاگن و هەرێمی نونافوت لە باکوری کەنەداش خۆپیشاندانی هاوسۆزی بەڕێوەچوو.