گراهام: سزای قەیسەر بەسەر سوریا دەسەپێنینەوە
محەمەد رزگار
١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
سیناتۆرێکی ئەمریکی حکومەتی سوریا ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت: لە ئەگەری بەردەوامبوونی هێرشی چەکدارەکانی سوریا بۆ سەر کورد و هەسەدە، سزای قەیسەر بەسەر دیمەشق دەسەپێننەوە.
لیندسی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر حکومەتی نوێی سوریا و چەکدارەکانی بەردەوام بن لە هێرشکردنە سەر کورد و هەسەدە، کاریگەری لەسەر سەقامگیری سوریا و ناوچەکە دەبێت.
وتیشی: لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەو هێرشانە، کاردەکەن بۆ ئەوەی زۆر بە توندی سزای قەیسەر بەسەر دیمەشقدا بسەپێننەوە، چونکە کورد هاوپەیمانێکی سەرەکەی ئێمەن و قوربانی زۆریان داوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ لەگەڵ کشانەوەی هەسەدە لە دێر حافر و ناوچەکانی تری دەوروبەری، چەکدارانی سوریا رێککەوتنیان پێشێلکرد و هێرشیان بۆ سەر هەسەدە ئەنجامدا.
هاوکات هەسەدە، هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە لەلایەن میدیاکانی سوریاوە بڵاوکراونەتەوە و کە دەڵێن، شاری تەبقە لەلایەن چەکدارانی دیمەشقەوە کۆنتڕۆڵکراوە، هەسەدە ئاماژەی بەوەکرد، هێزەکانیان بە ورەی پۆڵاینەوە بەردەوامن لە بەرگری و پاراستنی ئەو شارە.



