ئیلۆن مەسك داوای 134 ملیار دۆلار قەرەبوو لە كۆمپانیاكانی ئۆپن ئەی ئای و مایكرۆسۆفت دەكات.

ئیلۆن مەسك، گەورە ملیاردێر و خاوەنی پلاتفۆرمی ئێكس رایگەیاند، لەسەر بەدەستهێنانی دەستكەوتی نایاسایی داوای یاسایی دژی كۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای خاوەنی چات جی پی تی و كۆمپانیای مایكرۆسۆفتی هاوبەشی ئۆپن ئەی ئای تۆمار كردووە و هەوڵ دەدات لەوڕێیەوە بڕی 134 ملیار دۆلاریان لێ وەربگرێت.

روونیشیكردووەتەوە، خۆی شایستەی ئەو دەستكەوتانە دەزانێت كە دوو كۆمپانیاكە بە شێوازێكی نایاسایی و  بەهۆی پاڵپشتییە سەرەتاییەكانی ئەوەوە بەدەستیان هێناوە.

مەسك باسی لەوەشكردووە، بەهۆی پاڵپشتییەكانی ئەوەوە، ئۆپن ئەی ئای لە نێوان 65.5 بۆ 109.4 ملیار دۆلار و مایكرۆسۆفتیش لە نێوان 13.3 بۆ 25.1 ملیار دۆلاری قازانج كردووە.