ماریا کۆرینا ماچادۆ، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی وەک دیاری بەخشییە دۆناڵد ترەمپ، بەو هیوایەی پشتیوانیی ئەمریکا بۆ داهاتووی وڵاتەکەی بەدەستبهێنێت، بەڵام لە بەرامبەردا تەنیا "دیارییەکی رەمزی" وەرگرتەوە بەبێ هیچ بەڵێنێکی روون.

ماچادۆ کە ساڵی رابردوو خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی پێبەخشرا، رۆژی پێنجشەممە چووە کۆشکی سپی و خەڵاتەکەی لەناو چوارچێوەیەکی ئاڵتوونیدا پێشکەشی ترەمپ کرد وەک رێزلێنانێک بۆ "رۆڵی لە ئازادکردنی ڤەنزوێلا". ترەمپ لە پۆستێکدا لە "تروس سۆشیال" وتی: "ماریا خەڵاتی نۆبڵەکەی پێشکەش کردم وەک رێزگرتنێک لە کارەکانم".

بەڵام سەنتەری نۆبڵی ئاشتی لە نەرویج دەستبەجێ رایگەیاند کە خەڵاتەکە ناکرێت بگوازرێتەوە یان هاوبەشی پێبکرێت و "نازناوەکە تەنیا بۆ براوەکەیە".

ماچادۆ بەهیوابوو ئەم دیارییە ببێتە هۆی گۆڕینی هەڵوێستی ترەمپ، بەڵام لە کاتی دەرچوونی لە کۆشکی سپی بە دەستێکەوە وێنەی گیرا کە کیسێکی دیاریی هەڵگرتبوو بە ئیمزای ترەمپەوە، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵێنێکی سیاسیی روونی وەرگرتبێت.

ئیدارەی ترەمپ ئێستا دێلسی رۆدریگێز، جێگری پێشووی مادۆرۆ وەک سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا دەناسێنێت و بە "بژاردەیەکی جێگیر"ی دەزانێت، ئەمەش سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی تووشی شۆک کردووە.

کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، هەرچەندە ترەمپ بە "دەنگێکی بوێر" وەسفی ماچادۆ دەکات، بەڵام رای لەسەر ئەوە نەگۆڕاوە کە "ماچادۆ پاڵپشتیی پێویستی نییە بۆ سەرکردایەتیکردنی ڤەنزوێلا".

داهاتووی نادیار و گومانەکان:

ماچادۆ جەختیکردەوە کە ڤەنزوێلا سەرۆکێکی هەڵبژێردراوی هەیە کە "ئەدمۆند گۆنزالێس"ـە، بەڵام دیار نییە ئایا توانیویەتی هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستی واشنتۆن دروست بکات، جگە لە وێنەیەکی هاوبەش و دیارییەکی رەمزی.