وەزیری دەرەوەی روسیا رایدەگەیەنێت، هیچ لایەنێكی دەرەكی ناتوانێت نێوان روسیا و ئێران تێكبدات و ئەمریكاش جێگای متمانە نییە.

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، پەیوەندییەكانی نێوان تاران و مۆسكۆ ستراتیژین و لەسەر بنەمای بەرژوەندی هاوبەشی هەردوولا بنیاتنراوە و هیچ هێزێكی دەرەكی ناتوانێت كاریگەری خراپ لەسەر پەیوەندییە دروست بكات و هەوڵی تێكدانی بدات.

وتیشی، پەیوەندییەكانیان لەئاستێكی باڵا و لەسەر بنەمای رێككەوتنی نێوان سەرۆكایەتی هەردوو وڵات و بەرژەوەندیی گەلەكانیان بونیاتنراوە.

لەبارەی بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاش بۆ سەپاندنی باجی گومرگیی %25 بەسەر ئەو وڵاتانەی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەكەن، لاڤرۆڤ وتی، ئەو هەنگاوە نیشانەی ئەوەیە ئەمریكا جێگەی متمانە نییە و مۆسكۆش بەردەوام دەبێت لە جێبەجێكردنی رێككەوتنە بازرگانییەكانی لەگەڵ ئێران و وڵاتانی دیكە.