ترەمپ: من پیاوێکی ئەخلاقیم و رقم لە بینینی مردنە
بڵند
١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند پیاوێکە خۆی بە خاوەنی بنەما ئەخلاقییەکان دەزانێت و رقی لەوەیە ئازار و مردنی خەڵکی ببینێت بە تایبەتی هی گەلەکەی خۆی و دوپاتی دەکاتەوە بنەما ئەخلاقیەکانی کۆتوبەندی سەرەکی ئەون بۆ دەسەڵاتەکەی.
سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی "سی بی ئێس" وتویەتی؛ ئەو پیاوێکی ئەخلاقیە، رقی لە بینینی مردنە هەروەها دوپاتی کردوەتەوە نایەوێت ئازاری گەلەکەی ببینێت، دۆناڵد ترەپ جەختیکردوەتەوە، کە دان بە دەستووری ئەمریکا و سیستەمی دادوەریدا دەنێت، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە بنەما ئەخلاقییەکانی ئەو، کۆتوبەندی سەرەکین بۆی.
لەبارەی ئەو ئامارەی وەزیری ناوخۆی ڤەنزوێلا بڵاویکردوەتەوە، کە بەهۆی ئۆپراسیۆنەکەی ئەمریکاوە بۆ دەستگیرکردنی مادۆرۆ و هاوسەرەکەی زیاتر 100 کەس کوژراون، ترەمپ دەڵێت؛ بەهیچ جۆرێک رازی نییە بە ژمارەی کوژراوەکانی ڤەنزوێلا.
سەرۆکی ئەمریکا پێشتریش بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی راگەیاندبوو، ئەو وەک فەرماندەی گشتی تەنها بە "ئەخلاقی کەسی" سنووردارە، بەبێ گوێدانە یاسا نێودەوڵەتییەکان و کۆت و بەندەکانی تر، کە توانای بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ هێرشکردن، داگیرکردن، یان ناچارکردنی وڵاتان لە سەرانسەری جیهان سنووردار دەکەن.



