واشنتۆن سێ لقی ئیخوان بە "رێکخراوی تیرۆریستی" دەناسێنێت؛ "مەترسین بۆ سەر ئەمریکا"
راهۆز
١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، بە رەسمی سێ لقی کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمینی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستە لیستی "رێکخراوە تیرۆریستییەکان"ـەوە و سزای بەسەر ئەوان و ئەندامەکانیشیاندا سەپاند.
وەزارەتی دەرەوە و گەنجینەی ئەمریکا رایانگەیاند، ئەو سزایانە لقەکانی رێکخراوەکە لە میسر، لوبنان و ئوردن دەگرێتەوە، بە پاساوی ئەوەی "مەترسین بۆ سەر ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی".
بەپێی بڕیارەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لقی لوبنانی وەک "رێکخراوی تیرۆریستیی بیانی" ناساندووە، کە ئەمەش توندترین جۆری پۆلێنکردنە و هەرجۆرە هاوکارییەکی ماددی بۆ ئەو گروپە بە تاوان دادەنرێت. هاوکات وەزارەتی گەنجینە، هەردوو لقی ئوردن و میسری خستووەتە لیستی "رێکخراوە تیرۆریستییە جیهانییەکان"ـەوە (ئەوانەی بە تایبەت پۆلێنکراون)، ئەوەش بەهۆی پشتیوانیکردنیان بۆ بزوتنەوەی حەماس.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی بڕیارەکەوە رایگەیاند، ئەم هەنگاوە سەرەتایەکە بۆ "هەوڵێکی بەردەوام بەمەبەستی وشککردنی سەرچاوەکانی توندوتیژی و ناسەقامگیری کە پەیوەستن بە لقەکانی ئیخوان موسلیمینەوە لە هەرشوێنێک بن".
روبیۆ جەختیکردەوە کە ئەمریکا "هەموو ئامرازە بەردەستەکان بەکاردەهێنێت بۆ رێگرییکردن لەو لقانە لە دەستگەیشتن بە سەرچاوەکان یان پشتیوانیکردنی تیرۆر".
دەرکردنی ئەم بڕیارانە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی فەرمانێکدایە کە ساڵی رابردوو ترەمپ ئیمزای کردبوو و تێیدا وەزارەتەکانی دەرەوە و گەنجینەی راسپاردبوو باشترین رێگەی یاسایی بدۆزنەوە بۆ سزادانی لقەکانی ئەو رێکخراوە، کە بەوتەی واشنتۆن تێوەگلاون لە چالاکییەک کە ئاسایشی ناوچەکە و جیهان دەخاتە مەترسییەوە.
لە فەرمانەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، باڵێکی ئیخوان لە لوبنان دوای هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 موشەکی ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە، هاوکات سەرکردەکانی لقی ئوردنیش تۆمەتبارن بەوەی راستەوخۆ پشتیوانییان لە حەماس کردووە.
ئەم بڕیارە جارێکی دیکە مشتومڕێکی کۆنی هێناوەتەوە ئاراوە، چونکە ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا لە ساڵی 2019 تاوتوێی ئەوەی دەکرد تەواوی رێکخراوەکە بخاتە لیستی تیرۆرەوە، بەڵام ئێستا فشارە سیاسییەکان بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی توندتر دژی ئەو گروپە زیاتر بوون.



