رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، بەلەمێکی لاستیکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی لیبیا نوقمبووە و بەهۆیەوە 42 کۆچبەر بێسەروشوێنن و وا گریمانە دەکرێت گیانیان لەدەستدابێت.

بەپێی راگەیەندراوەکەی رێکخراوەکە، بەلەمەکە 49 کۆچبەری هەڵگرتبوو، بەڵام تەنها حەوت کەسیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی لیبیاوە رزگارکراون. رزگاربووان بۆ ماوەی شەش رۆژ لە دەریادا مابوونەوە تا لە نزیک کێڵگەی نەوتی ئەلبوری دۆزرانەوە.

رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ئاشکرایکردووە، ئەو کەسانەی بێسەروشوێنن بریتین لە 29 هاووڵاتیی سودانی، هەشت سۆماڵی، سێ کامیرۆنی و دوو نەیجیری.

هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنبووان دەستیپێکردووە، هەرچەندە هیواکان بۆ دۆزینەوەیان بە زیندوویی زۆر کەمبوونەتەوە.