سوریا بە رەسمی دانی بە کۆماری کۆسۆڤۆ  نا وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ، وەزارەتی دەرەوەی سوریاش ئاشکرایکرد، ئەم دانپێدانانە لەسەر بنەمای هەوڵدانە بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی ئاشتی.

وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا و سەرۆکی کۆسۆڤۆ ڤیۆسا عوسمانی کە لە ریاز بەڕێوەچوو، تێیدا سوریا دانی بە کۆسۆڤۆدا ناوە، وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری، ئەمەش لەسەر بنەمای باوەڕی بە مافی گەلان لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەی باڵکان و جیهان.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەو بڕیارە لە چوارچێوەی سیاسەتی سوریا دێت کە ئامانجی فراوانکردنی پردەکانی هاوکاری و کرانەوەیە لەگەڵ وڵاتانی جیهان، ئاشکراشیکرد، بۆ دامەزراندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ کۆسۆڤۆ "لە زووترین کاتدا" و پەرەپێدانی هاوکاری دوولایەنە لە بوارە سیاسی، ئابوری و رۆشنبیرییەکاندا."

کۆسۆڤۆ وڵاتێکە دەکەوێتە لە باشوری رۆژهەڵاتی ئەوروپا لە باڵکان ، وێستگەی ناکۆکی سیاسی نێوان سربیا و ئەلبانیا بوو بە ھۆی زۆری دانیشتووانەکەی پەرلەمانی کۆسۆڤی بە کۆی دەنگ سەربەخۆییان راگەیاند.