بەریتانیا ئیتر هۆتێل نادات بە پەنابەران و رەوانەی بنکە سەربازییەکانیان دەکات
بڵند
٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
بەریتانیا سیاسەتی خۆی بەرانبەر پەنابەران دەگۆڕێت و لە هەوڵێکی نوێدا، سەدان کەس کە داوای مافی پەنابەری لە بەریتانیا دەکەن دەگوازرێنەوە بۆ شوێنە سەربازییەکان، چونکە حکومەت ئامانجی ئەوەیە کۆتایی بە بەکارهێنانی هۆتێلەکان بهێنێت بۆ نیشتەجێکردنیان.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا پشتڕاستی کردەوەتەوە کە دوو سەربازگەیان تەرخانکردوە بۆ وەرگرتنی 900 پەنابەر و نیشتەجێکردنیان لە جیاتی هوتێل تێیدا، بڕیارە تا کۆتایی مانگی داهاتوو ئەو پەنابەرانە بگوازرێنەوە بۆ ئەو دوو بنکە سەربازییە.
رۆژی دووشەممە، لیژنەیەکی پەرلەمانی، بەکارهێنانی هۆتێلەکانی پەنابەری بە "شکستخواردوو، ئاژاوەگێڕانە و گرانبەها" ناوبرد.
بنکە سەربازییەکان دەکەونە شاری ئینڤێرنێس لە سکۆتلەندا و ئیست ساسێکس لە ئینگلتەرا و رۆژنامەی تایمز بۆ یەکەمجار بڵاویکردەوە کە دانوستانەکان بۆ نیشتەجێکردنی 900 پەنابەری پیاو لە بنکەکاندا بەردەوامن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییەکان کیر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگری کردووە، پڕۆسەی دەستنیشانکردنی شوێنە سەربازییەکان خێراتر بکەن.
لە ئێستادا نزیکەی 32 هەزار پەناخواز کە سەدان کورد لە نێویاندایە لە هۆتێلەکانی بەریتانیا نیشتەجێن.
حکومەتی بەریتانیا بەڵێنی داوە بەر لە هەڵبژاردنی داهاتوو کۆتایی بە بەکارهێنانی هۆتێلەکان بهێنێت بۆ نیشتەجێکردنی پەناخوازان کە بە ملیۆنان پاوەدنی تێدەچێت و بووەتە جێی سەرنجی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە کۆچبەران.



