ئەمریکاو ژاپۆن دژ بە دەسەڵاتی چین رێککەوتنێکیان ئیمزاکرد
راهۆز
٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
لە هەنگاوێکدا بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە چین، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و سانای تاکایچی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، رێککەوتنێکی چوارچێوەییان بۆ مسۆگەرکردنی دابینکاریی کانزا ستراتیژییەکان واژۆکرد.
کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، لە میانی سەردانەکەی ترەمپ بۆ ژاپۆن، rێککەوتنەکە ئیمزاکرا و ئامانج لێی بەهێزکردنی زنجیرەکانی دابینکاریی ئەو کانزا گرنگانەیە کە لە کەرتی وزەی نوێبووەوە، ئەلیکترۆنیات و ئۆتۆمبێلدا بەکاردەهێنرێن.
ئەم رێککەوتنە لە کاتێکدایە کە چین زیاتر لە %90ی کانزا ستراتیژییەکانی جیهان پرۆسێس دەکات و لەم دواییانەشدا کۆتوبەندی زیاتری خستووەتە سەر هەناردەکردنی ئەو ماددانە، ئەمەش فشارەکانی لەسەر ئەو وڵاتانە زیاد کردووە کە پشتیان پێ دەبەستن.
لە بەرامبەردا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەنها یەک کانی کانزای ستراتیژیی چالاکی هەیە و لە پێشبڕکێدایە بۆ دابینکردنی ئەو کانزا گرنگانەی کە بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، سیستەمی بەرگری و پیشەسازیی پێشکەوتوو پێویستن.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین کۆببێتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپی، ئەمریکا و ژاپۆن هەروەها تاوتوێی دانانی سیستەمێکی کۆگاکردنی تەواوکەریی دوولایەنە دەکەن و لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی دیکەشدا کاردەکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی زنجیرەکانی دابینکاری.



