ئۆکراین لەگەڵ هاوپەیمانەکانی کاردەکات لەسەر پلانێک بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ، سەرۆکی ئەو وڵاتەش دەڵێت: ئەو کارە لە چەند رۆژی داهاتوودا رودەدات.

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، پلانێکی خێرا لە ئارادایە بۆ راگرتنی شەڕ لە 10 رۆژی داهاتوودا، هەروەها لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان بڕیارمان لەسەر ئەم کارە داوە.

وتیشی،  بۆ گوشارخستنە سەر روسیا بۆ دانوستان، کیێڤ داوا لە ئیدارەی ئەمریکا دەکات نەک تەنها موشەکی تۆماهۆک، بەڵکو کۆمەڵێک چەک و موشەکی هاوشێوەی پێبدات.

جێگەی ئاماژەیە، ترەمپ بەڵێنی دا کە بە خێرایی کۆتایی بە شەڕی ئۆکراین بهێنێت، بەڵام دانوستانەکان لە نێوان مۆسکۆ و کیێڤدا پەک کەوتوون سەرەڕای هەوڵە نێوەندگیرییەکان.

هاوکات ئەمڕۆ سوپای ئۆکراین ئاشکرایکرد، ژمارەی کوژراو و بریندارانی سەربازانی روسیا لە سەرەتای شەڕەوە لەسەر خاکی ئۆکراین، بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی ملیۆنێک و 137 هەزار و 960 کەس، لەنێویاندا 800 کەس لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا کوژراون یان بریندار بوون.