دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە راگەیاندنەکەی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، سەبارەت بە تاقیکردنەوەی موشەکێکی کروزی ئەتۆمی "نەگونجاو" بووە.

ترەمپ داوای لە پوتین کرد کە لەبری تاقیکردنەوەی چەک، کار بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراین بکات. 

ترەمپ بە رۆژنامەنووسانی وت: "پێویستە کۆتایی بە شەڕەکە (لە ئۆکراین) بهێنێت. ئەو شەڕەی کە وا دانرابوو تەنها یەک هەفتە بخایەنێت، ئێستا نزیک دەبێتەوە لە ساڵی چوارەمی. ئەوەیە کە دەبێت بیکات، نەک تاقیکردنەوەی موشەک."

لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو موشەکەی کە مۆسکۆ دەڵێت 14 هەزار کیلۆمەتری بڕیوە، ترەمپ وتی ئەمریکا پێویستی بەوە نییە موشەکی وا دوورهاوێژ بێت، چونکە "ژێردەریاییەکی ئەتۆمیی لە کەناراوەکانی روسیا هەیە."

وتیشی: "ئەوان دەزانن کە ئێمە بەهێزترین ژێردەریایی ئەتۆمیی جیهانمان لە کەناراوەکانیان هەیە، بۆیە پێویست ناکات 8 هەزار میل (نزیکەی 14 هەزار کیلۆمەتر) ببڕیت."
سەبارەت بە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر روسیادا، ترەمپ تەنها وتی: "دەبینین چی ڕوودەدات."


رۆژی یەکشەممە، ڤلادیمیر پوتن رایگەیاند کە وڵاتەکەی دوا تاقیکردنەوەی سەرکەوتووی بۆ موشەکی "بورڤێستنیک" ئەنجامداوە، کە بە وتەی خۆی مەودایەکی "بێ سنوور"ی هەیە.

ڤالێری گێراسیمۆڤ، سوپاسالاری روسیا، بە پوتنی راگەیاندبوو کە موشەکەکە لە تاقیکردنەوەکەیدا بۆ ماوەی نزیکەی 15 سەعات لە ئاسماندا ماوەتەوە و 14 هەزار کیلۆمەتری بڕیوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەمە ئەوپەڕی توانای مووشەکەکە نییە.

هەوڵە دیپلۆماسییەکان
ترەمپ چەندین جار بەڵێنی داوە کە ئەگەر بگەڕێتەوە کۆشکی سپی، بە خێرایی کۆتایی بە شەڕی ئۆکراین دەهێنێت. رۆژی شەممە رایگەیاند کە "کاتی خۆی بەفیڕۆ نادات" بۆ رێکخستنی دیدارێکی نوێ لەگەڵ پوتن، مەگەر مۆسکۆ جددی بێت لە گەیشتن بە رێککەوتنێک.