ترەمپ چاوی لە کۆتایی هێنانە بە جەنگی بازرگانی لەگەڵ چین
راهۆز
٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتە ژاپۆن کە دووەم وێستگەی گەشتە ئاسیاییەکەیەتی. چاوەڕوان دەکرێت لەم گەشتەیدا لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین کۆببێتەوە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو جەنگە بازرگانییەی لەنێوان دوو گەورەترین ئابووریی جیهاندا هەیە.
بڕیارە ترەمپ لە تۆکیۆ لەگەڵ ئیمپراتۆر نارۆهیتۆ و دواتریش رۆژی سێشەممە لەگەڵ سانای تاکایچی، سەرۆک وەزیرانی نوێی ژاپۆن کۆببێتەوە. ترەمپ رایگەیاند کە "شتە مەزنەکانی" لەبارەی تاکایچییەوە بیستووە و ستایشی ئەوەی کرد کە کەسێکی نزیکی شینزۆ ئابی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تیرۆرکراوی ژاپۆن بووە، کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵیدا هەبوو.
لەلایەن خۆیەوە، تاکایچی ئاشکرای کرد کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ترەمپی وتووە، "بەهێزکردنی هاوپەیمانیی نێوان ژاپۆن و ئەمریکا لەپێشینەی کارەکانی ئیدارەکەی من دەبێت لە روی دیپلۆماسی و ئەمنییەوە."
ترەمپ گەشتە ئاسیاییەکەی دوێنێ لە کوالالامپوری پایتەختی مالیزیاوە دەستپێکرد. لەوێ، چاودێریی ئیمزاکردنی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان تایلاند و کەمبۆدیای کرد و بە "هەنگاوێکی گەورە" وەسفی کرد. هاوکات رایگەیاند کە "گرێبەستێکی گەورەی بازرگانی لەگەڵ کەمبۆدیا و رێککەوتنێکی زۆر گرنگی لەبارەی کانزا دەگمەنەکانەوە لەگەڵ تایلاند" ئەنجام داوە.
هەروەها ترەمپ و ئەنوەر ئیبراهیم، سەرۆک وەزیرانی مالیزیا، رێککەوتنێکی بازرگانییان ئیمزا کرد کە دەرفەتی زیاتر بە ئەمریکا دەدات بۆ دەستڕاگەیشتن بە کانزا دەگمەنەکان.
چاوەڕوان دەکرێت کۆریای باشوور گرنگترین وێستگەی گەشتەکەی ترەمپ بێت، چونکە لەوێ بۆ یەکەمجار لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، لەگەڵ سەرۆکی چین کۆدەبێتەوە. ترەمپ رۆژی چوارشەممە دەگاتە شاری بوسان بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی (APEC) و لەگەڵ لی جای میۆنگ، سەرۆکی کۆریای باشوریش کۆدەبێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا گەشبینیی خۆی نیشاندا سەبارەت بە گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییە بازرگانییەکان و بە رۆژنامەنووسانی وت، "پێموایە دەگەینە رێککەوتن." لەلایەن خۆیەوە، چین دووپاتی کردەوە کە گەیشتوونەتە "لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی" لەگەڵ ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی کێشە بازرگانییەکانیان.



