وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند، شەوی رابردوو 193فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینمان لە پارێزگاکانی باشووری رۆژئاوای وڵاتەکەیان خستووەتە خوارەوە، کە 34 دانەیان مۆسکۆی پایتەختیان کردبووە ئامانج.

ئەم هێرشە درۆنییە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی کیێڤ بەشێوەیەکی رۆژانە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک ناوچەکانی باشوری رۆژئاوای روسیا دەکەنە ئامانج. لە بەرامبەردا، سوپای روسیا لە پێشڕەوییەکانی لە هەموو میحوەرەکانی جەنگ بەردەوامە.

پێشتر ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، جەختی لەسەر پێویستیی فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کردبووەوە. ئامانجی ئەم فراوانکردنە بریتییە لە دوورخستنەوەی هێزەکانی کیێڤ لەو خاکانەی روسیا کە دەکەونە مەودای ئەو موشەک و چەکە ڕۆژئاواییانەی ئۆکراین بۆ هێرشکردنە سەر روسیا بەکاریاندەهێنێت.