کامالا هاریس، جێگری پێشوی سەرۆکی ئەمریکا، لە یەکەم چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ بی بی سی لە بەریتانیا رایگەیاند، رەنگە جارێکی دیکە خۆی بۆ کۆشکی سپی کاندید بکاتەوە. هاریس لە لێدوانەکانیدا هێرشی توندی کردە سەر دۆناڵد ترەمپ و بە "ستەمکار" ناوی برد و وتی، ئەو پێشبینیانەی لەبارەیەوە کردبووی، هەموویان هاتنەدی.

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا رۆژێک ژنێک دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا، هاریس وتی "بێگومان،" و کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا ئەو کەسە خۆی دەبێت، وتی "رەنگە،" کە بەهێزترین ئاماژەیە تا ئێستا بۆ ئەگەری خۆکاندیدکردنەوەی لە ساڵی 2028.
هاریس راپرسییەکانی رەتکردەوە کە وەک پاڵێوراوێکی لاواز نیشانی دەدەن و وتی: "ئەگەر گوێم لە ڕاپرسییەکان بگرتایە، نە بۆ یەکەم پۆست و نە بۆ دووەم پۆست خۆم کاندید نەدەکرد، بێگومانیش ئێستا لێرە دانەنیشتبووم."

جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینییەکانی لەبارەی ئەوەی ترەمپ وەک فاشیستێک رەفتار دەکات و حکومەتێکی تاکڕەو بەڕێوەدەبات، بوون بە راستی.
وتیشی: "ئەو وتی وەزارەتی داد وەک چەک بەکاردەهێنێت، و رێک ئەوەشی کرد." هاریس ئاماژەی بە راگرتنی پێشکەشکاری کۆمیدی، جیمی کیمڵ، کرد دوای ئەوەی گاڵتەی بە کاردانەوەی کۆمارییەکان کردبوو، کە بەهۆی هەڕەشەی دەزگایەکی رێکخەرەوە بوو کە لەلایەن ترەمپەوە دانرابوو.

هاریس رەخنەی لەو بازرگان و دامەزراوانەی ئەمریکا گرت کە بە وتەی ئەو، زۆر بە ئاسانی ملکەچی داواکارییەکانی سەرۆک بوون.
وتیشی: "زۆر کەس هەن... کە لە یەکەم ڕۆژەوە خۆیان بەدەستەوە داوە و چۆکیان لەبەرپێی ستەمکارێکدا داداوە، لەبەر چەندین هۆکار، لەوانەش دەیانەوێت لە دەسەڵاتەوە نزیک بن."

کۆشکی سپی لە وەڵامی لێدوانەکانی هاریسدا وتی: "کاتێک کامالا هاریس هەڵبژاردنەکەی بە شێوەیەکی گەورە دۆڕاند، دەبوو لە پەیامەکە تێبگەیشتایە؛ خەڵکی ئەمریکا گوێ بە درۆ بێماناکانی نادەن."

وتەبێژەکەی کۆشکی سپی زیادی کرد: "یان رەنگە لە پەیامەکە تێگەیشتووە و هەر بۆیە بەردەوامە لە گواستنەوەی سکاڵاکانی بۆ بڵاوکراوە بیانییەکان."