دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، پێش دەستپێکردنی سەردانەکەی بۆ کیشوەری ئاسیا، ویستی خۆی بۆ دیداری کیم  جۆنگ  ئون، رێبەری کۆریای باکور دەربڕی، ئەمەش لە کاتێکدایە لە گەشتەکەیدا سەردانی کۆریای باشور دەکات و جەگە لە سەرۆکی چین، رەنگە لەگەڵ کیم  جۆنگ  ئونیش کۆببێتەوە.

کاتێک لە کۆشکی سپی پرسیاریان لە ترەمپ کرد، ئایا لەگەڵ رێبەری کۆریای باکور کۆدەبێتەوە، ترەمپ بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند؛ "ئەو دەزانێت ئێمە دەچینە ئەوێ."

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بە تەواوەتی ئامادەیە بۆ کۆبونەوە لەگەڵ کیم جۆنگ ئون و پەیوەندی لەگەڵیدا زۆر باشە،  ئەوەشیخستەڕوو، کۆبونەوەی لەگەڵ لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکور "دەگونجێت"، ئەمەش لە کاتێکدایە  کە دوایین جار لە ساڵی 2019 جاویان بە یەکدی کەوت.

گەشتەکەی ترەمپ دەستی پێکردوە و بڕیاریشە، سەردانی مالیزیا،  ژاپۆن و کۆریای باشوور بکات و لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین لە کۆریای باشوور کۆببێتەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بازرگانی لەگەڵ چیندا.