ئەمریکا سزا بەسەر سەرۆکی کۆڵۆمبیادا دەسەپێنێت
راهۆز
٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
راپۆرتێکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سەپاندنی سزای بەسەر گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیادا ئاشکرا کرد، کە ناوی لە لیستی نوێکراوەی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانیی سەر بە وەزارەتەکەدا دەرکەوتووە.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە سزاکان دژی سەرۆکی کۆڵۆمبیا پەیوەستە بە گەیشتنی بەرهەمهێنانی کۆکاین لە وڵاتەکەدا لەژێر دەسەڵاتی ئەودا بۆ ئاستێکی پێوانەیی.
ناوبراو وتی: "لەگەڵ هاتنە سەرکاری سەرۆک گۆستاڤۆ پێترۆ، بەرهەمهێنانی کۆکاین لە کۆڵۆمبیا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی دەیان ساڵدا، کە ئەمەش ئەمریکای نوقم کردووە و ژیانی ئەمریکییەکانی وێران کردووە."
ئەم پێشهاتە دوای پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات دێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی سەرۆک پێترۆ لێدوانی لەبارەی تێکشکاندنی کەشتییەک لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە 16ی ئەیلوولدا دا و ئۆپەراسیۆنەکەی بە "تاوانی کوشتن" و "پێشێلکردنی سەروەریی کۆڵۆمبیا" ناوبرد، چونکە هێرشکرابووە سەر بەلەمێکی راوەماسی لە ئاوە هەرێمییەکانیدا.
لە وەڵامدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، راگرتنی هەموو یارمەتی و هاوکارییەکی دارایی بۆ کۆڵۆمبیا راگەیاند و داوای لە پێترۆ کرد دەستبەجێ بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتەکەیدا بوەستێنێت، ئەگەرنا ویلایەتە یەکگرتووەکان "لەبری ئەو ئەو کارە دەکات".
لای خۆیەوە، سەرۆکی کۆڵۆمبیا پێشتر ئەو تۆمەتانەی رەتکردبووەوە کە ترەمپ ئاراستەی کردبوو سەبارەت بە تێوەگلانی لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە.



