هاوپەیمانانی ئۆکراین: پێنج هەزار موشەک دەدەینە ئۆکراین
راهۆز
٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
هاوپەیمانانی کیێڤ ئەمڕۆ هەینی لە لەندەن، بە ئامادەبوونی ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین، کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر زیادکردنی فشارەکان بۆ سەر روسیا و پڕچەککردنی ئۆکراین بە چەکی دوورمەودا کردەوە.
کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، کۆبوونەوەکەی بە راگەیاندنی خێراکردنی بەرهەمهێنانی موشەک دەستپێکرد و بەڵێنی پێدانی پێنج هەزار موشەکی سوکی بە ئۆکراین دا.
ستارمەر جەختیشی کردەوە کە پێویستە سود لە سامانە دەستبەسەرداگیراوەکانی روسیا وەربگیرێت بۆ دابینکردنی بودجەی بەرگریی ئۆکراین و وتی: "زیاتر لە هەر کاتێکی تر فشار لەسەر پوتن زیاد دەکەین و شانبەشانی ئۆکراین دەوەستین."
هەروەها هۆشداریدا کە هاوپەیمانان هیچ جۆرە "چالاکییەکی دوژمنکارانە" لە روسیا قبووڵ ناکەن و رایگەیاند، "ئاسایشی ئۆکراین، ئاسایشی هاوپەیمانانە. ئەوەی ئەمڕۆ لە بەرەی پێشەوەی دۆنێتسک رودەدات، داهاتووی هەموومان بۆ ساڵانی داهاتوو دیاری دەکات."
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا پشتیوانیی خۆی بۆ بانگەوازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ راگرتنی دەستبەجێی شەڕ و دەستپێکردنی دانوستان دووپاتکردەوە.
لای خۆیەوە، ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین، رایگەیاند کە سەرکردەکان رێککەوتوون لەسەر پشتیوانیکردنی ئۆکراین لە ساڵی داهاتوودا و نیازی زیادکردنی فشارەکانیان لەسەر کەرتی نەوتی روسیا ئاشکرا کرد.
زێلێنسکی روسیای بەوە تۆمەتبار کرد کە "هەڵمەتێکی تیرۆر" لە دژی دامەزراوەکانی وزەی وڵاتەکەی بەڕێوەدەبات و وتی: "ئامانجی روسیا نەگۆڕاوە، دەیانەوێت بمانشکێنن."
هەروەها رایگەیاند کە سەرکردەکان کۆکن لەسەر پێویستیی پشتیوانیکردنی هەوڵەکان لە بەرەکانی جەنگدا و بەهێزکردنی توانای چەکی دورمەودای بە "بەهێزکردنی دیپلۆماسی" ناوبرد.
مارک روتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، رایگەیاند کە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر روسیا فشار لەسەر پوتن زیاد دەکات بۆ ئەوەی ناچاری بکات دانوستان بکات. وتیشی: "ترەمپ سورە لەسەر کۆتاییهێنان بەم شەڕە و هێنانەدیی ئاشتی. پوتن باجێکی قورس لە ئۆکراین دەدات."
ئەم هەڵوێستانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، خواستی خۆی بۆ کەمکردنەوەی دەستێوەردانی ئەمریکا نیشانداوە، ئەمەش وایکردووە وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەت فەرەنسا و ئەڵمانیا، هەوڵەکانیان بۆ پڕچەککردنەوە خێراتر بکەن.



