ترەمپ: ئیسرائیل هەموو پشتیوانییەک لەدەستدەدات ئەگەر کەناری رۆژئاوا بلکێنێت بە خاکەکەیەوە
راهۆز
٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ گۆڤاری "تایم"، دۆناڵد ترەمپ وردەکاریی چۆنیەتی دروستبوونی ئاگربەستی غەززە و دیدگای خۆی بۆ داهاتووی ناوچەکە ئاشکرا کرد و هەڕەشەیەکی تووندیشی ئاراستەی ئیسرائیل کرد سەبارەت بە لکاندنی کەناری رۆژئاوا.
"من ناتانیاهۆم راگرت"
ترەمپ لەبارەی ناتانیاهۆوە وتی: "وەک دەزانن، من رامگرت (لە بەردەوامبوون لە جەنگ)، چونکە ئەو بەردەوام دەبوو، رەنگە بۆ چەندین ساڵ بەردەوام بوایە و من رامگرت، و کاتێک رامگرت هەمووان یەکیانگرت، شتێکی سەرسوڕهێنەر بوو."
وتیشی: "کاتێک ئەو هەڵە تاکتیکییەی ئەنجامدا، کە پەیوەندی بە قەتەرەوە هەبوو، ئەوە هەڵەیەکی کوشندە بوو، بەڵام لە راستیدا، وەک بە میرم وت، ئەمە یەکێک بوو لەو شتانەی هەموومانی کۆکردەوە، بە جۆرێک کە وای لە هەمووان کرد ئەوە بکەن کە پێویست بوو بیکەن."
ترەمپ جەختیکردەوە، "پێویست بوو (ناتانیاهۆ) بوەستێت چونکە جیهان رایدەگرت. من دەمبینی چی روودەدات. ئیسرائیل بە شێوەیەکی زۆر خراپ جەماوەری خۆی لەدەستدەدا. هەر بۆیەش کاتێک وتم 'جیهان'، مەبەستم ئەوە بوو."
لە درێژەی قسەکانیدا، ترەمپ ئاشکرایکرد کە پلانی هەیە سەردانی غەززە بکات و وتی: "بەڵێ، دەیکەم، سەردانی دەکەم."
هەڕەشەی بڕینی پشتیوانی لە ئیسرائیل
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رێگریکردن لە ناتانیاهۆ بۆ لکاندنی کەناری رۆژئاوا، ترەمپ بە تووندی وتی: "ئەوە رونادات، ئێمە پشتیوانییەکی گەورەی عەرەبیمان هەبوو، ئەوە رونادات چونکە من بەڵێنم بە وڵاتە عەرەبییەکان داوە. ئەگەر ئەوە روبدات، ئیسرائیل هەموو پشتیوانییەکی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدەستدەدات."
سەبارەت بەوەی ئایا مەحمود عەباس لە دەسەڵاتی غەززەی دوای جەنگدا دەبینێت، ترەمپ وتی: "باشە، من هەمیشە لەگەڵیدا گونجاوم. هەمیشە بە کەسێکی عەقڵانیم زانیوە، بەڵام وەک دەزانن، کاتێک لێم نزیک دەبووەوە زۆر دۆستانە بوو... بەڵام هێشتا زۆر زووە بۆ ئەوەی رایەکم هەبێت، لە کاتێکی دیاریکراودا رام دەبێت."
لەسەر پرسی مەروان بەڕغوسیش، ترەمپ بە شێوەیەکی کورت وتی: "من بڕیاری لەسەر دەدەم."
"سعودیە و رێککەوتنەکانی ئیبراهیم"
ترەمپ پێشبینی کرد کە رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی نێوان سعودیە و ئیسرائیل "زۆر نزیکە" و وتیشی، "پێم وایە سعودیە رێبەرایەتیی رێگاکە دەکات بەرەو رێککەوتنەکانی ئیبراهیم."
کاتێک گۆڤارەکە پرسیاری کرد ئایا پێی وایە تا کۆتایی ساڵ سعودیە پەیوەندی بە رێککەوتنەکانەوە دەکات، ترەمپ لە وەڵامدا وتی: "بەڵێ، پێم وایە. بڕوام وایە."



