مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هێرشێکی تووندی کردە سەر گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا و بە "شێت" ناویبرد. ئەم لێدوانە دوای تۆخبوونەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و بۆگۆتا دێت، کە بەهۆی هێرشێکی سوپای ئەمریکاوە بۆ سەر بەلەمێکی ماددە هۆشبەرەکان لە زەریای هێمن دروست بووە.

"کێشەکە سەرۆکێکی شێتە"

رۆبیۆ بە رۆژنامەنووسانی وت: "پێم وایە دەسەڵاتدارانی کۆڵۆمبیا، بەتایبەتی سوپا و پۆلیس، هێشتا زۆر دڵسۆزن بۆ ئەمریکا. تاکە کێشە لە کۆڵۆمبیا سەرۆکێکی شێتە."

وتیشی: "ئەو پیاوە شێتە، شێتە! عەقڵی تەواو نییە."

پەیوەندییەکان لە خراپترین ئاستدان

پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و کۆڵۆمبیا گەیشتووەتە ئاستێکی بێپێشینە دوای لێدوانە تووندەکانی ترەمپ، کە هەڕەشەی بڕینی هاوکاری و سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر کۆڵۆمبیادا کرد و سەرۆکە چەپڕەوەکەی بە "سەرکردەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان" تۆمەتبار کرد.

لەوەڵامدا، سەرۆکی کۆڵۆمبیا رەخنەی تووندی لە هەڵمەتەکەی ئەمریکا گرت و ترەمپی بە "کوشتن" و "پێشێلکردنی سەروەریی کۆڵۆمبیا" تۆمەتبار کرد. دوابەدوای ئەمەش، وەزارەتی دەرەوەی کۆڵۆمبیا رایگەیاند کە باڵیۆزەکەیان لە واشنتن گەڕاوەتەوە بۆ بۆگۆتا.

گۆڕینی هاوکێشەکان:

کۆڵۆمبیا گەورەترین وەرگری هاوکارییەکانی ئەمریکایە لە ئەمریکای باشور، کە لە ساڵی2023دا نزیکەی 740 ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە. بەڵام بە گوتەی چاودێران، ئاڵوگۆڕی تۆمەتی نێوان هەردوو وڵات پەیوەندییەکانی گەیاندووەتە خراپترین ئاستی لە ماوەی دەیان ساڵدا.

مانگی رابردوو، واشنتن پۆلێنکردنی کۆڵۆمبیای وەک هاوپەیمانێک لە جەنگی دژی ماددە هۆشبەرەکان هەڵوەشاندەوە، بۆگۆتاش لە وەڵامدا کڕینی چەکی لە ئەمریکا راگرت.

لەوەتەی لە ساڵی 2022ەوە دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، پێترۆ داوای گۆڕانکارییەکی ریشەیی دەکات لە جەنگی دژی ماددە هۆشبەرەکان و جەخت لەسەر چارەسەرکردنی هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان دەکاتەوە، نەک پشت بەستن بە سەرکوتکردن. بەپێی ئامارەکانیش، لە ماوەی سەرۆکایەتیی ئەودا، روبەری چاندنی کۆکا (ماددەی خاوی کۆکاین) بە ڕێژەی ٪70 زیادیکردووە.