فەرماندەی سوپای پاسداران: ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر ژیانی دوژمنانمان دەکەینە دۆزەخ
راهۆز
٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
لە دیدارێکدا لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریدا و رایگەیاند؛ ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر، وەڵاممان توندتر دەبێت لە شەڕی 12 رۆژە و ژیانی دوژمنانمان دەکەینە دۆزەخ.
سەرلەشکر پاکپوور ئاماژەی بەوەشکرد، لە "جەنگی 12 رۆژە"دا توانیویانە بەسەر سیستمی بەرگریی موشەکیی ئیسرائیل و ئەمریکادا زاڵ بن.
هاوکات داوای جێبەجێکردنی تەواوەتیی رێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێکهێنانی لیژنەی مەیدانیی کرد بۆ چاودێریکردنی ناوچە سنورییەکان.
لە بەرامبەردا، قاسم ئەعرەجی جەختی لەوە کردەوە کە "ئاسایشی ئێران، ئاسایشی عیراقە" و رێگە نادەن خاکی عیراق بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت. هەروەها پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکە پشتڕاستکردەوە.