دوای کوژرانی دەیان کەس لە هێرشەکانی دوێنێی سەر سنووری نێوان پاکستان و ئەفغانستان، هێشتا هەردوولا هەڕەشە لەیەکتر دەکەن و وڵاتانی نێوەندگیریش لە هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکەدان.

ذەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان، رۆژی یەکشەممە رایگەیاند کە هێزەکانیان لە ئۆپەراسیۆنێکی شەوانەدا لەسەر سنوور 58 سەربازی پاکستانییان کوشتووە.

ذەبیحوڵڵا موجاهید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: "لەم پێکدادانانەدا 58 سەربازی پاکستانی کوژران و 30ی دیکەش بریندار بوون"، ئاماژەی بەوەشدا کە "9 لە هێزەکانی تاڵیبانیش کوژراون".

هەروەها ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەمیر خان موتق، وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان، رایگەیاند کە وڵاتەکەی "ئامانجەکانی بەدەست هێناوە" لە ئۆپەراسیۆنەکەی شەوی شەممە دژی پاکستان.

وەزیرەکە بە رۆژنامەنووسانی وت کە ئەفغانستان "دەیەوێت پەیوەندی باشی لەگەڵ پاکستان هەبێت"، بەڵام هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە "ئەگەر ئیسلامئاباد نەیویست دیالۆگ بکات، ئەوا بە شێوازی دیکە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکەن". ناوبراو وتیشی کە "دۆخی سنوور لەگەڵ پاکستان لە ئێستادا ئاساییە"، داوای لە ئیسلامئاباد کرد "کێشەی بزوتنەوە چەکدارییەکان لەناو سنورەکانی خۆیدا کۆنتڕۆڵ بکات".

لەلایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان رایگەیاند؛ کە قەتەر و سعودیە دوای ئاڵوگۆڕی تەقە لە نێوان ئەفغانستان و پاکستان شەوی شەممە، نێوەندگیرییان کردووە. هەردوو وڵاتیش لە راگەیەندراوێکدا نیگەرانی خۆیان لەبارەی پێکدادانەکانەوە دەربڕی.

لابەرامبەردا، شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، ئەمڕۆ یەکشەممە هۆشداریدا بە بزوتنەوەی تاڵیبان و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی "لە بەرگریکردن لە خاکەکەیدا سازش ناکات" و "هەر پڕوپاگەندەیەک بە وەڵامێکی توند و کاریگەر وەڵام دەدرێتەوە".

شەریف لە لێدوانێکدا کە رۆژنامەی "زە نەیشن"ی پاکستانی بڵاوی کردووەتەوە، وتی کە سوپا وەڵامێکی بەهێز و کاریگەری دایەوە بۆ "دەستدرێژیی ئەفغانستان" لە ناوچە سنورییەکاندا و شانازی بە "لێهاتوویی پیشەیی بەرزی هێزە چەکدارەکانی پاکستان" کرد.

بەرپرسانی پاکستانی رایانگەیاند کە وڵاتەکەیان رۆژی یەکشەممە دوای ئاڵوگۆڕی تەقەی شەوانە، دەروازە سنورییەکانی لەگەڵ ئەفغانستان داخستووە.

هێزەکانی ئەفغانستان درەنگانی شەوی شەممە ئاگریان لە بنکە سنورییەکانی پاکستان بەردا، وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان رایگەیاند کە ئەمە وەڵامێک بوو بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی پاکستان لە ئەفغانستان هەفتەی رابردوو.

هەردوو وڵات رایانگەیاند کە ژمارەیەک بنکەی سنوری لایەنەکەی دیکەیان وێران کردووە. بەرپرسانی ئەمنیی پاکستان گرتە ڤیدیۆییەکانیان بڵاوکردەوە کە گوایە تۆپبارانکردنی بنکە ئەفغانییەکان نیشان دەدات.

بەرپرسانی ئەمنیی پاکستان رایانگەیاند کە ئاڵوگۆڕی هێرشەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە وەستاوە، بەڵام بەپێی قسەی بەرپرسانی خۆجێیی و دانیشتووان، لە ناوچەی کورامی پاکستان، تەقەی پچڕ پچڕ بەردەوام بووە.