شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئەفغانستان و پاکستان دورستبوو
محەمەد رزگار
١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
شەڕ و پێکدادانی توند لە نێوان هێزەکانی بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان و پاسەوانانی سنوری پاکستان رویدا و بەپێی هەواڵەکانی میدیاکانی ئەو دوو وڵاتە کورژا و بریندار لە هەردوولا هەیە.
میدیاکانی ئەفغانستان بڵاویانکردوەتەوە، فەیلەقی 201ـی سوپای سەر بە حکومەتی تاڵیبان، رایگەیاندووە، هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە سنورییەکانی پاکستان دەستپێکردووە، وەک وەڵامێک بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسلام ئاباد بۆ سەر کابول لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو.
ئاماژە بەوەشکراوە، هێرشەکان لە ناوچە سنورییەکانی نێوان ویلایەتەکانی لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان دەستیپێکردووە.
هاوکات بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکان ماوەی چەند سەعاتێکە پێکدادانەکان بەردەوامن و تادێت رووبەڕووبونەوەکان توندتر دەبن.
بەپێی زانیارییەکانی سوپای پاکستان، لەئەنجامی شەڕ و پێکدانانەکان لە ناوچە سنورییەکان، پێنج سەربازی پاکستان کوژراون و دوو سەربازی دیکەش برینداربوون، دوو بنکەی ئەمنی و سەربازی وڵاتەکەی خاپورکراون.



