ترەمپ نرخی نەوتی دابەزاند: هەڕەشەکان و داهاتووی بازاڕی وزە
راهۆز
١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
دوای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەپاندنی باجی گومرگی زیاتر بەسەر کاڵاکانی چیندا، نرخی نەوت4% دابەزی. ئەم دابەزینە بەهۆی نیگەرانی وەبەرهێنەرانەوە دێت کە پەرەسەندنی جەنگی بازرگانی ئابوری جیهان خاو دەکاتەوە و داواکاری لەسەر نەوتی خاو کەم دەکاتەوە.
لە دواین مامەڵەکانی رۆژی هەینی، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بۆ 62.73 دۆلار دابەزی، کە نزمترین ئاستە لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا. هاوکات، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکا 4.24% دابەزی و گەیشتە 58.98 دۆلار.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ رایگەیاندبوو کە "ناچار دەبم، وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە روی داراییەوە بەرپەرچی هەنگاوەکەیان بدەمەوە" و ئاماژەی بەوەدا کە سەپاندنی باجی گومرگی یەکێکە لەو سیاسەتانەی جێبەجێی دەکەن.
جگە لە هەڕەشەکانی ترەمپ، نرخی نەوت بەهۆی زیادبوونی خستنەڕووی نەوتی خاو لەلایەن وڵاتانی ئۆپێک پڵەسەوە کە بڕیارە مانگانە 137 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرهەمهێنانی نەوت بەرز بکەنەوە، زیاتر کەوتووەتە ژێر فشار.
کەمبوونەوەی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، بەتایبەتی دوای ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل، کاریگەری نەرێنی لەسەر نرخی نەوت هەبووە.
هێلیما کرۆفت، بەرپرسی ستراتیژیی کاڵاکان لە دامەزراوەی بانکی ئار بی سی، دەڵێت: "بەشداربووانی بازاڕ دەرفەتەکە دەقۆزنەوە و سەرنجەکانیان لە جیۆپۆلیتیکەوە بۆ خستنەڕوویی نەوتی خاو بۆ بازاڕەکانی جیهان دەگۆڕن."
سەرەڕای ئەوەی نرخی نەوت لەمساڵدا زیاتر لە 4% بەهاکەی خۆی لەدەستداوە، بەڵام ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا پێشبینی دەکات نرخی نەوت لە ساڵی داهاتوودا بە نزمی بمێنێتەوە و تێکڕای نرخی نەوتی خاوی برێنت 50.43 دۆلار بێت.



