داواکاری گشتی نیویۆرک؛ نەیارە سەرسەختەکەی ترەمپ بە تۆمەتی ساختەکاری تۆمەتبار کرا
بڵند
١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
لێتیتیا جەیمس، داواکاری گشتی نیویۆرک، کە نەیاری سەرسەختی دۆناڵد ترەمپە، بە تۆمەتی ساختەکاری لە بانکەکان و لێدوانی ناڕاست بۆ دامەزراوەیەکی دارایی لە سەر کڕینی خانوویەک لە ڤێرجینیا تۆمەتبارکراوە و ئەگەری سزادانی بۆ 30 ساڵ لە ئارادایە.
بەپێی هەواڵێکی کەناڵی ئێن بی سی، جەیمسی تەمەن 66 ساڵ، ئەگەر تاوانەکانی بەسەردا ساغببێتەوە ئەگەری سزادانی بۆ 30 ساڵ زیندانیکردن و پێژاردنی بە یەک ملیۆن دۆلار لە ئارادایە.
دۆناڵد ترەمپ کە ماوەی چەند مانگێکە داوای لێپێچینەوە لە لێتیتیا جەیمسی داواکاری گشتی نیویۆرک دەکات و پێشتریش لە سۆشیال میدیاوە بەبێ ئەوەی بەڵگەی بۆ بخاتەروو، وتبوی “ئەو کچە زۆر تاوانبارە”.
لا خۆیەوە جەیمس کە سەر بە دیموکراتەکانە، ئەو تۆمەتانەی بە بێ بنەما و سیاسی ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو دۆسیەیە بەشێکە لە "خراپ بەکارهێنانی سیستەمی دادوەری بۆ تۆڵەسەندنەوەی سیاسی بە هەر نرخێک بێت" لەلایەن ترەمپەوە.
ئەمە لە کاتێكدایە، ئەو دادوەرەی نیویۆرک چەندین جار رووبەڕوی ترەمپ بووەتەوە و ساڵی 2024 گورزێکی کوشندەی لە ترەمپ دا بە دەرکردنی بڕیارێک کە مۆڵەتی بازرگانی خۆیی و دوو کوڕە تازە پێگەیشتووەکەی بۆ ماوەی سێ ساڵ هەڵوەشاندەوە و چەندین جاریتریش بە راستەوخۆ هێرشیان کردوەتە سەر یەکتری.



